سلێمانی... شارێکی نوێ... تەلارسازییەکی خاوەنناسنامە
- KHAN MAGAZINE
- Mar 27
- 4 min read
مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٤، ئەو سەردەمەی کە ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری لەلایەن میرنشینی بابانەوە بەڕێوە دەبرا؛ کە ناوەندی کارگێڕی و بەڕێوەبردنیان پێشتر لە قەڵاچۆڵان بوو. بابانییەکان لەبەر چەندین هۆکاری ڕامیاری و دارایی و کارگێری و هەروەها بەهۆی فراوانبوونی دەسەڵاتیان بڕیاریان دا شاری سلێمانی دروست بکەن و بیکەن بە پایتەختی میرنشینەکەیان. هەر بۆیە لە ساڵی ١٧٨٤ــدا و لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان شاری سلێمانی دروست کرا و شارەکەیشی بە ناوی باوکییەوە ”سلێمان پاشا“ ناو نا و هەر زوو شارەکە بوو بە مەڵبەندێکی گرنگی ڕامیاری و بازرگانی و ڕۆشنبیریی ناوچەکە.
لە ڕووی دیزاینی شارەوە، شاری سلێمانی لەسەرەتای دروستبوونییەوە لە چەند گەڕەکێک پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە گەڕەکەکانی مەڵکەندی؛ گۆیژە؛ سابوونکەران؛ دەرگەزێن؛ کانیی ئاسکان؛ سەرشەقام؛ جوولەکان؛ سەرچیمەن؛ شێخان؛ بازرگانی. ڕێکخستن و دیزاینی ئەم گەڕەکانەی کە شاریان پێک هێنابوو بە شێوەیەکی ئۆرگانی١ بوو. خانووەکانی نیشتەجێبوون بە شێوازێکی تا ڕادەیەک چڕ و شەقامەکانیش باریک و ناڕێک دیزاین کرابوون کە ئەمەش لەبەر هۆکاری ئاووهەوا و هۆکارەکانی هاتوچۆی سادە و ساکاری ئەو سەردەمە و هەروەها کاریگەریی دیزاینی شارە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەکەی لەسەر بوو وەک شاری سنە و بەغدا و شارەکانی تری ناوچەکە.
بنەمای دروستبوونی شاری سلێمانی بە شێوازێک بوو کە گەڕەکەکان بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون بەکار دەهاتن؛ هاوکات لەگەڵ تەرخانکردنی شوێن و باڵەخانەی گونجاو بۆ سەرجەم پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی تری شار وەک مزگەوتەکان، بە چەند قەبارەیەکی جیاواز بەپێی پێداویستیی شار دابەش کرابوون. چەندین بینای کارگێڕی و قوتابخانە و بازرگانی و حەمام و چەندین جۆر بینای تر —کە پێداویستییەکانی شاری پڕ دەکردەوە— مزگەوتی گەورەی سلێمانی و بینای سەرا و قوتابخانەی فەیسەڵییە لە دیارترین بیناکانی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی بوون کە لە ڕووی فۆرم و بەکارهێنانەوە دیزاینی تایبەتیان بۆ کرابوون و یەکێک بوون لەو بینایانەی تا ئێستایش مۆرک و ناسنامەی تەلارسازیی ناوچەییی شارەکەیان پاراستووە.
مزگەوتی گەورە، سلێمانی
بینای سەرا، سلێمانی
قوتابخانەی فەیسەڵییە، سلێمانی
بەرزیی ئاستی ڕۆشنبیریی بابانییەکان وای کردبوو لە گەڵ دروستبوونی ئەم شارە نوێیەدا لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری و کولتووری، شانبەشانی لایەنی کارگێری و دارایی و ڕامیاری، دەستی باڵایان هەبێت لەسەر شوناس و ناسنامەی تەلارسازیی شارەکە. هەر بۆیە لایەنی تەلارسازی یەکێک بوو لەو لایەنە گرنگانەی شار کە میرنشینی بابانییەکان بڕیاری دروستیان لەسەر دا و هەوڵی تەواویان دا سەرجەم ئەو ڕەهەندانە لەبەرچاو بگرن —کە هۆکارن لە بەرەوپێشچوونی لایەنی تەلارسازی— وەک هەڵبژاردن و پێڕەوکردنی چەنین شێوازی دیزاینی بینا٢ بۆ بینا جیاوازەکان بەپێی بەکارهێنانیان وەک خانووی نیشتەجێبوون —کە زۆرترین پێکهاتەی شارەکە بوو— بینای مزگەوت، بینای کارگێڕی و قوتابخانە و بینای بازرگانی و خان و چەندین بینای تر. هەروەها هەڵبژاردن و بەکارهێنانی کەرەستەی بینا٣ بە شێوازێک بوو لەگەڵ سروشتی ناچەکەدا دەگونجا. بێگومان لایەنی هونەریی تەلارسازی لە شاری سلێمانی بە یەکێک لەو لایەنانە دادەنرێت کە دەستی باڵای هەبوو لە دروستبوونی ناسنامەی تەلارسازیی شارەکە و هەر لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەوە گرنگیی زۆری پێ دەدرا.
لە ڕووی بەکارهێنانی کەرەستەی بیناوە هەوڵی تەواو درابوو سوود لە کەرەستەی ناوچەکە وەربگیردرێت بۆ دروستکردن. بۆیە بەردی مەڵکەندی و خشتی لەقوڕدروستکراو و بەکارهێنانی دار لە دیارترین کەرەستەکانی بینا بوون لە شاری سلێمانی. هەر ئەمەیش وای کردبوو ناسنامە و مۆرکی تەلارسازیی شاری سلێمانی جۆرێک لە ناسنامەی ناوچەکەی پێوە دیار بێت کە ئەمەیش خاڵێکی بەهێز بوو لەسەرەتای دروستبوونی شارەکەدا.
بەکارهێنانی بەردی مەڵکەندی و خشتی لەقوڕدروستکراو وەک سەرەکیترین کەرەستەی بینا لە خانووە کۆنەکانی شاری سلێمانی:
لە ڕووی شێوازی دیزاینی خانووەکانی نیشتەجێبوونەوە جۆرە دیزاینێک پێڕەو دەکرا کە خانووەکان حەوشێکی دەرەوەیان هەبوو و فەزاکانیش بە جۆرێک ڕێک خرابوون کە فەزای گشتی لە فەزای تایبەت جیا بوون؛ واتا فەزای خێزان لە فەزای میوان جیاواز بوو کە ئەمەیش بە تایبەتمەندیی دیزاینی ئەو سەردەمە دادەنرێت. هەروەها بەشی خزمەتگوزاریی خانووەکەیش لە حەوشی دەرەوە دادەنرا. بەم جۆرە خانووە کۆنەکانی سلێمانی چەند جۆرێکی حەوشەیان هەبوو وەک شێوازی چوارگۆشەیی، لاکێشەیی و شێوازی حەرف-ئێڵ٤.
نەخشەی چەند خانوویەکی کۆنی شاری سلێمانی و جۆری حەوشەکان:
سەرەڕای بەکارهێنانی کەرەستەی بینای ناوچەکە و شێواز و جۆری نەخشەی خانوو و باڵەخانەکان، فۆرم و شێوەی خانوو و باڵەخانەکانی شاری سلێمانی تایبەتمەند بوون بە شێوازی بەکارهێنانی چەندین جۆر لە پێکهاتەی ڕووی بینا٥ وەک بەکارهێنانی پەنجەرەی قەوس و پەنجەرەی لاکێشەی باریک یان چوارگۆشە کە بە خشت دەورە درابوون هەروەها دار و تەختە لە پێکهاتەی چوارچێوەی پەنجەرەکان بەکار دەهات. هەروەها پێکهاتە و دیزاینی بەشی چوونەژوورەوەی٦ خانوو و باڵەخانەکان گرنگیی زۆریان پێ دەدەرا و تایبەتمەندیی خۆی هەبوو لە دیزایندا و هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ چەسپاندنی ناسنامە و شوناسی تەلارسازیی شاری سلێمانی.
شێوازی پەنجەرەی قەوس و لاکێشە و چوارگۆشە لە خانووە کۆنەکانی شاری سلێمانی:
چەند شێوازێک لە دیزاینی چوونەژوورەوەی خانووە کۆنەکانی شاری سلێمانی:
لە سەرەتای دروستبوونی شاردا شێوازی دروستکردنی بینا و خانووەکانی شاری سلێمانی جۆرێک لە سادەیی لە هەمان کاتدا دەستڕەنگینیی پێوە دیار بوو. ئەمەیش بەهۆی سوودوەرگرتن لەو کەرەستە ناوخۆیییانەی کە لەو سەردەمەدا بەردەست بوون؛ وەک بەردی مەڵکەنی؛ خشتی قوڕ و دار. هەروەها بەهۆی شارەزاییی وەستا و بەنناکانی ئەو سەردەمە —کە زۆربەیان وەستا دەستڕەنگینەکانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون— هەندێک تەکنیکی جیاوازیان بۆ بیناکان بەکار دەهێنا بەتایبەتی بۆ سەقفی بیناکان وەک بەکارهێنانی ئاسن و خشت کە پێی دەڵێن: ”عقاده، عگادە“، کە بۆ ئەم شێوازە زیاتر سوودیان لە خانووە کۆنەکانی بەغدا و ناوچەکە وەرگرتبوو. هەر ئەمەش وای کردبوو کە تەلارسازیی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی تەلارسازیی ناوچەکە بەرز ڕابگرێت و شانبەشانی تەلارسازیی ناوچەکە خاوەنی ناسنامەیەکی ڕەسەنی خۆی بێت.
بەکارهێنانی ئاسن و خشت کە پێی دەڵێن ”عقاده، عگادە“ بۆ دروستکردنی سەقفی بیناکان:
“1- Organic”
“2- Building type”
“3- Building material”
“4- L shape”
“5- Façade elements”
نووسینی: د. وریا سابیر عەبدوڵڵا.
دکتۆرا لە ئەندازیاریی تەلارسازی،
مامۆستا لە بەشی تەلارسازیی زانکۆی سلێمانی.
Comments