top of page

(شیکارییەک بۆ شوناس و لەخۆگەیشتن) ڕێبوار سیوەیلی

Updated: Mar 27

 

سەرەتا:

ساڵی ٢٠١٦ کتێبێکم بە ناوی شوێن و شوناس: توێژینەوەیەكی دیاردەناسی لەبارەی هەردوو شەقامی تووی مەلیک و شەقامی سالم (سەهۆڵەكە) بڵاو كردەوە. ئەوەش بەرەنجامی لێكۆڵینەوەكانی من بوو لەو دوو شەقامە، كە سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانیی ئەوسا و كۆلێژی هونەر داوایان لێ كردم ئەو توێژینەوانە بۆ ماوەی ساڵێكی ئەكادیمی بە ناوی ”جوانیناسیی شوێن“ بە قوتابییەكانی ئەو كۆلێژە بڵێمەوە. كتێبەكە بەرەنجامی ئەو دوو هەوڵە بوو. لەو كتێبەدا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی هەر لە سەرەتاوە پێوەندییەکی بەهێز لەنێوان دانیشتووانی شارەکە و شوێنە جیاوازەكانی ئەو شارەدا هەیە، وەک ئەوەی شوێن لە یادوەریی هەر كامێكیاندا ئەوانی كردبێتە منداڵی هەمان شار و هەمان پێوەندییان بە شوێنە جیاوازەكانییەوە هەبێت. ئەم پێوەندییەیش بەڕوونی لە دەقەكەی نالی بۆ سالم ”قوربانی تۆزی ڕێگەتم، ئەی بادی خۆشمروور/ ئەی پەیكی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور“ دەبینرێتەوە. لە كۆی ئەو شوێنانەی نالی ناویان دەهێنێت و هەتا ئێستاش سلێمانییان پێوە دەناسرێتەوە وەک ناوی (گۆڕستان، كانی و ئاو، مزگەوت و گەڕەک...) لەگەڵ شوناسی خەڵكەكەیدا هاوشوناسییان پێک هێناوە. سلێمانی بەپێی مێژوونووسی بەناوبانگ ”ئەمین زەكی بەگ و ئەوانی تر...“  لە ساڵی ١٧٨٤ و بەپێی مێژوونووسی نوێ ”تۆفیق، ٢٠٢١: ٢٧٦“ لە ساڵی ”١٧٨٦“ لەلایەن ئیبراهیم‌ پاشای میرنشینی بابانییەوە دامەزراوە.

ئەم شارە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە گۆڕانکاریی شوێنكاتی زۆری بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. وەک ئەوەی لە چارەنووسی نووسرابێت شوناسی ئەو پێوەستە بە چارەنووسی شوێنە جیاوازەكانییەوە، بەتایبەتی لە بواری تەلارسازیدا. تەلارسازیی شارەکە لە ئەنجامی گەشەسەندنی دیمۆگرافیای ناوازە و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دینامیکی کولتوورییەوە دروست بووە.

ئەم بابەتە بەدواداچوون بۆ پێوەندیی نێوان دیمۆگرافیای سلێمانی و تەلارسازییەکەی دەکات؛ چۆن ناسنەمەی شارەکە کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی دانیشتووانەکەی داناوە. هەروەها ئایا پرۆژە شارنشینە هاوچەرخەکانی وەبەرهێنانی شارەكە درێژەی ئەم ڕەوتەن و ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستنەوە؟ یان دای دەبڕێنن و شوناسی شارەكە دەخەنە مەترسییەوە؟ هەروەها باس لەوە دەکەین کە دەکرێت چی بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی شارەکە، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە كێشە ژینگەیییەکان لەو نێوانەشدا بەهۆی جیاوازی و لێكچوونیانەوە باسی هەردوو شاری سنە و هەولێر دێتە پێشەوە.

 

پێشەکی

دانیشتووانی سلێمانی بە گەشبینی و نوکتەی خۆش و كرانەوەی كولتووری ناسراون. هەرچەندە ئەمە ڕێگری لە هەبوونی خەم و تراژدی لەو شارەدا ناكات، بەڵام خۆشڕوویی و قسەڕەوانی و ڕاشكاوی بەشێكن لە كاراكتەری كولتووری شارەكە. گەڕان و سەیران و چوونەدەر دیاردەیەكی تازەی ئەو شارە نین، بەڵكوو هەر لە كۆنەوە چین و هاوپیشەكان: گۆشتفرۆش، خومچییەكان، كەبابچییەكان و پینەچییەكان و زۆری دیكە... كەشی سەیران و چوونەدەرەوی خۆیانیان هەبووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم لایەنە لە کولتووری شارەکە، وا باشە لە پلانی گەشەسەندن و گەورەبوونی شارەکەدا ڕەچاوی ئەم پێداویستییەی خەڵکەکەی بکرێت و مەیدان و شوێنی سەوزکراویان بۆ دابین بکرێت. دوا جار ئەم مەیدان و شوێنانە دەچنەوە خزمەت پاراستنی ژینگەی شارەکە و سلێمانی دەکەن بە شارێک کە بەشداری کاریگەر و چالاک بکات لە کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئەمەش لە کاتێکدا ئەم گرفتە بووەتە پرسێکی گرنگ لەناو بەرنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا١. واتە بیركردنەوەی داهاتووخوازانە لە پلانی شارەكەدا، بەشدارییەكی گرنگی ژینگەپارێزانە دەبێت.

لە هەشتاكاندا شەقامی تووی مەلیک و لە ئێستەش شەقامی سەهۆڵەکە شارەكەیان بەبێداری و بەپێوە هێشتووەتەوە. بۆیە ئەم شەقامانە ناکرێت هەر بەتەنیا ئۆتۆمبێلەکان بەکاریان بهێنن، بەڵکوو تا بکرێت پێویستە سەردەمییانە دیزاین بکرێنەوە و بواری زیاتر بدرێت بە چاندنی دار و فراوانکردنی شوێنی پیادەڕەوی. هەروەها هاووڵاتییانی ئەم شارە، خەڵكیكی تایبەتمەندن بە لەبەركردنی جلوبەرگی پۆشتەوپەرداخ، حەزێكی زۆریان بۆ خواردنە خۆماڵییەكانی وەک ”برنج، قوبڵی“ و ”فاسۆلیا“ــی سپی هەیە. دانیشتووانی سلێمانی نەک هەر ئاگاداری میراتی ڕۆشنبیریی خۆیانن، بەڵکوو لە ڕووی سیاسییەوە هۆشیارییەکی بەرزیان هەیە و پابەندن بە گەشەپێدانی کۆمەڵگەكەیان. سروشتی دەرەوە و هەستی بەهێزی کۆمەڵایەتییان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تۆكمەییی شوناس و یەکگرتووییی کۆمەڵایەتیی شارەکەدا. هەرچەندە لەم سەردەمانەی دواییشدا دابڕانی ئایدیۆلۆژی درزی خستووەتە ئەم نێوانەشەوە. بەڵام ئەم کارلێککردنە ناوازەیەی نێوان کولتوور و سیاسەت و ژیانی ڕۆژانەش لە تەلارسازی و گەشەسەندنی دیمۆگرافیای شارەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

دیمۆگرافیا و تەلارسازی

دیمۆگرافیا و هەمەجۆریی دانیشتووانی سلێمانی کاریگەریی قووڵیان لەسەر تەلارسازیی شارەکە هەبووە. شارەکە لە مێژوودا ناوەندێک بووە بۆ کورد، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی جوو، كە پێیان دەگوترێت ”جوولەكە“ و، ئاشوورییەکان و ئەرمەنییەکان و نەتەوەکانی دیکەش بووە. زۆرێک لەو کەسانەی کە بەشدارییان لە بیناسازیی سلێمانیدا کردووە، لە شاری ”سنە“ـەوە هاتوون، یان بانگهێشت كراون، کە پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم کۆچ و ڕەو و پێوەندییانە بەشدارییان لە داهێنانی شێوازێکی تەلارسازیدا كردووە، کە توخمە کولتوورییە جیاوازەکانی هەردوو سنە و سلێمانی تێکەڵ دەکات.

 هەر لە سەرەتاوە میرنشینی بابان دیدگایەکی هەبوو بۆ دروستکردنی ”گەرماو“ بۆ دانیشتووانی شارەکە. ڕیچ بە بەرهەمێكی ئەوتۆی وەسف كردوون كە نموونەی ئەوانەی لە ئەستەنبۆڵ و قاهیرە و شامیش نەبینیون: ”ئەمڕۆ بەیانی چوومە گەرماو و زۆر لەوە زیاتر چاوەڕێم دەكرد، جوانتر و سەرنجڕاكێشتر بوو. ڕووناكیی ناوەوەو خزمەتگوزارییەكانی باش بوون. لەسەرووی هەموویەوە، ئەم گەرماوە  لە هەموو ئەو گەرماوانەی لە وڵاتی عوسمانی بینیومن باشترن و كێبڕكێ لەگەڵ گەرماوە باشەكانی شام و ئەستەنبۆڵ و قاهیرە دەكات و ڕەنگە لە چەند ڕوویەكیشەوە لەوان جوانتر و كامڵتریش بێت.“ (ڕیچ: ١٨٢٠، لاپەڕە: ٩٢).

دروستكردنی گەرماو، وەک لە كتێبی ”نالی“ـیشدا جەختی لێ كراوەتەوە: ڕەنگدانەوەی هۆشیارییەكی بەرزە بۆ تەندروستیی گشتی و ئاگایی بەرانبەر بە تەندروستی جەستەی تاكەكەسی. بۆیە دەكرێت ئەمە یەكەمین هەنگاوەكانی مۆدێرینتەش لەپاڵ گەلێک هەنگاوی دیكەدا بێت، كە ئەو شارە لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەڵی هێناون؛ (سیوەیلی: ٢٠٢٠، لاپەڕە: ٣٧-١٤٠). لەگەڵ ئەوەشدا گەرماوەكان شوێنی یەكتربینین و بیروڕاگۆڕێنەوە و دروستبوونی ڕای گشتی بوون. ئەو ڕاستییەی کە هەرگیز لەگەڵ دروستبوونی ئەو شارەدا بەندیخانە دروست نەكراوە، دەتوانرێت وەک دەربڕینی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لێک بدرێتەوە کە چاکسازی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان لە پێشینەی سزا و گۆشەگیری دانراوە. ئەم هەڵبژاردنە ئاماژەیە بۆ ڕێبازێکی مرۆڤدۆستانە بۆ حوکمڕانی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەكی بەدوور لە ئاژاوەو توندوتیژی. تەنانەت ڕیچ دەیگێڕێتەوە، كاتێک كابرایەكی عەرەب دێت بۆ چیاكانی كوردستان بۆ داركردنەوە و دارەكانی لێ دەدزرێت، پاشای ئەوسا —كە مەحموود پاشا بووە— فەرمان دەردەكات دزەكان بگرن و ئەوەندەی داری كابرای عەرەب بكرێتەوە و بیدەنەوە.

مێژووی بەکارهێنانی گەرماو، مێژووی گەرماو خۆی نا کە ڕەنگە دوورتریش بێت، بەڵام ئەوەی تۆمار کراوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەوکات گەرماو ڕەگەزێکی پیرۆزی ناو سرووتە ئایینییەکان بوو و شوێنێک بوو بۆ پاککردنەوەی هەم جەستە و هەم ڕۆحیش. دوا جار گریکەکان و ڕۆمانەکان گەرماوی گشتی دەکەن بە شوێنی یەکتربینین و گۆڕینەوەی قسە و باسی ڕۆژانە و دوا جار ئەو گەرماوە گشتییانە دەبنە ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی گرنگ٢.

 

لێکچوونەکانی نێوان سنە و سلێمانی:

هەر لە سەرەتای بنیاتنانی شارەکەوە لێکچوونێکی بەرچاو لەنێوان سنە و سلێمانیدا هەبووە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەمان ئەو پیشەكارانەی سنە سلێمانییشیان دروست کرد. ئەم پێوەندییە دەتوانرێت لە چەند لایەنێکدا بەدی بکرێت:

 

ئاو و ئاوەڕۆ:

 هەردوو شارەکە لە سەرەتای تەمەنی خۆیاندا سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆی پێشکەوتوویان هەیە بۆ سەردەمی خۆیان. پیشەسازانی سنە زانیاری و ئەزموونی خۆیان هێنایە سلێمانی، دڵنیابوون لەوەی شارەکە هەر لە سەرەتاوە ژێرخانی کارامەی هەبوو.

 

گەرماوەكان وەک یەكەمین دامەزراوی ساخلەمی:

 وێڕای گرنگیی كۆمەڵایەتی و كولتوورییان كە وەک شوێنێكی گشتی ڕۆڵیان بینیوە لە خەمڵاندنی ڕای گشتیدا، ئەوەی گەرماوەكان یەكەمین دامەزراوی ساخلەمیشن لە شارەكەدا، ڕاستییەكە و ڕەت ناكرێتەوە. دروستكردنی هۆشیاریی تەندروستی و گرنگیدان بە جەستەی تاكەكەسی، هەنگاوە سەرەتایییەكانی بەرەوپیرەوەچوونی دنیای مۆدێرن ئاشكرا دەكەن، ئەمەش لەپاڵ هۆشیاریی بەرزی سیاسیی میرە بابانییەكان و گرنگیدان بە ئەستێرەناسی و جوگرافیاناسی، وەک ڕێچ دەیگێڕێتەوە؛ ڕۆڵێكی سەرەکی دەگێڕن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی گشتیی هەردوو شارەکەدا.

 

 

شێوازەکانی بیناسازی:

  شێوازی بیناسازیی كۆنی سلێمانی ڕەنگدانەوەنەوە و لێكچوونێكی نزیكیان لەگەڵ شێوازی تەلارسازیی كۆنی سنە هەیە. لەوانە بەکارهێنانی کەرەستەی بیناسازیی ناوخۆیی وەک بەرد و قوڕ و خشت (كەرپووچ)، تیكەڵكردنیان لەگەڵ كا، موو و دار، هەروەها تێکەڵکردنی توخمە نەرێتییە کوردییەکان وەک کەوانە و قوببە و تاق و كڵاوڕۆژنە لە ڕازاندنەوەی دەرەوە و ناوەوەدا.

لە مێژوودا، پێداویستیی بیناسازیی ناوچەیی ڕۆڵیکی مەزن و کاریگەری هەبووە و هێستاش هەر هەیەتی. بەکارهێنانی بەرد و خۆڵ و شتەکانی تری ناو سروشتی هەر ناوچەیەک، بەشداریی کارا دەکەن لە کەمکردنەوەی تێچووی پرۆژەکە، کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و بەردەوامیدان و زیندووهێشتنەوەی کولتووری ژینگەییی ناوچەکە. بە دیوێکی تریشدا، دەستی کاری ناوچەیی ئەزموونی زۆری هەیە لە بەکارهێنانی پێداویستییە سروشتییەکانی ناوچەکە و هەر ئەمەشە دوا جار تەلارسازیی ناوچەکان پێناسە دەکات و فۆرمیان پێ دەدات.

 

بزووتنەوەی ئەدەبی، قوتابخانەی بابان

لە سلێمانی بزووتنەوەیەکی ئەدەبیی بەرچاو گەشەی کرد کە بە قوتابخانەی بابان ناسراوە. شاعیرانی گەورەی وەک نالی، سالم و کوردی کەسایەتیی دیاری ئەم بزووتنەوەیە بوون. کارەکانیان پڕن لە مرۆڤدۆستی، ڕێزگرتن لە ئەوانی دیکە، خۆشگوزەرانی و ڕێزی ئاژەڵان و فرەکولتووری. ئەم نەریتە ئەدەبییە ڕەنگدانەوەی ئەو بەهایانەن کە دەتوانرێت لە پێکهاتە تەلارسازی و کۆمەڵایەتییەکانی شارەکەدا ببینرێت، لەوانەش دروستکردنی گەرماوەكان، کە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیی دەروونی بە هەمان شێوە ئەم بزووتنەوە ئەدەبییە ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە بە پەروەردەكردنی هەستی جوانیناسیی شارەكە و هاووڵاتییەكانیدا و ئەمەش هەر لە كۆنەوە، لە ڕازاندنەوەی نێو ماڵ و باخچەدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

شوناس و تێگەیشتنی شارەکە

شوناسی سلێمانی پێوەندییەکی نزیکی بە مێژووی خۆیەوە هەیە وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و سیاسی بۆ کورد. ئەم شوناسە بەقووڵی کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی دانیشتووان هەیە لە خۆیان و تەواوكەری یەكترن. زۆرێک لە دانیشتووانی شارەکە وەک هێمای بەرخودانی کورد و شانازیی فەرهەنگی دەبینن. هەر بۆیەش بەشێک لە گۆڕستان و چیا و دیمەنەكانی دەوروبەری ئەم شارە بوونەتە سیمبوڵی ئەدەبی و لە ستران و شیعر و سروودەكاندا هەستی ناخەكیی كەسەكان بەیان دەكەن. تەلارسازییش بەشێكە لەم هەستە و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەم خۆتێگەیشتنەدا بە پاراستنی بینا و یادگارییە مێژوویییەکان، وەک بەردەركی سەرا، گەڕەكە كۆنەكان و لە ئێستاشدا ئەمنە سوورەکە، هەموو ئەمانە وەبیرخەرەوەی خەباتی کوردن لە دژی داگیركاری و چەوساندنەوە. 

 

 

تەلارسازیی هاوچەرخ و دیالۆگی مێژوویی

پرۆژە تەلارسازییە هاوچەرخەکانی سلێمانی زۆر جار هەوڵیان داوە هاوسەنگی لەنێوان مۆدێرنیتە و نەریتدا دروست بکەن. شەقامەكانی هەر بەتەسكی و لەسەر شێوازی كۆن ماونەتەوە؛ بەڵام بینا و باڵەخانە نوێیەكان زۆر جار دیزاینی مۆدێرنیان هەیە و زیاتر چاولێكەرین لە تەلاسازیی ئەورووپی و بیانی. ئەم چاولێكەرییە بووەتە هۆكاری دابڕكردنی شارەكە لە فۆرمە تەلارسازییە ڕەسەنەكانی خۆی؛ بەڵام لەپاڵ ئەمەیشدا، هەوڵێکی هۆشیارانە هەیە بۆ پاراستنی شوناسی مێژووییی شارەکە، لە هەمان کاتدا ئاسانکاری و تەکنەلۆژیای مۆدێرن لەباوەش بگرێت هەر بۆیەشە ئێستاکە شارەكە لە پەراوێزەكانی خۆیدا بەتایبەتی لە گەڕەک و كۆڵانەكاندا ڕێگەی داوە چەندین كافتریا و شوێنی كولتووری و گالێری بە گیانێكی نۆستالیژییانە —كە بیرخەرەوەی كولتووری دێرینەی شارەكەیە— بكرێنەوە. تەنانەت گەڕانەوە بۆ ناوە نۆستالیژییەكانیش بە تابلۆی ناوی شوێنەكانەوە دەبینرێت. قاوەخانەی ”قۆرییە شكاو“ و ڕیستۆرانتی (ڕەشماڵ) دوو نموونە لەمانەن. هەوڵێكی گرنگیش دراوە بۆ ئەوەی تەلاری كارگەی جگەرە لەدەست بەدیی سەرمایەداری بپارێزرێت و بكرێتە ناوەندێكی كولتووری. هەموو ئەمانە گیانی زیندووی شارەكە بۆ دروستكردنی هارمۆنی و هاوسەنگی لەنێوان شوناس و مۆدێرینیتەدا ئاشكرا دەكەن. ئەمە جگە لەوەی بەشێكی تەلارە مێژوویییەكانی شارەكە هەتا ئێستا پارێزراون و خاوەنەكانیان یان كەرتی حوكوومەت لەسەر شێوازە دێرینە ڕەسەنەكە، نۆژەنیان كردووەتەوە. یەكێک لە بەرچاوترینی ئەم تەلارانە مۆزەخانەی جەمال نەبەزە، دۆخی دێرینی فەزای ماڵی كوردی پاراستووە و بە شێوازێكی هونەرییانە نوێ كراوەتەوە.

من لەوەیش تێ دەگەم كە لەم سەردەمە نوێیانەدا ئەستەمە بتوانین خۆمان لە کۆنکریت، ستیل و شووشە ڕزگار بکەین وەک سەرەکیترین و باوترین کەرەستەی بیناسازیی سەردەمە مۆدێرنەکان. بەڵام بە بووژانەوەیەكی تەلارسازیی خۆمانە دەتوانین ڕەگەزە کۆنە ڕەسەنەکانی تەلارسازیی شارەکە بگوازینەوە سەر ڕووخسار و ڕووپۆشی دەرەوەی تەلارە تازەکان؛ هیچ نەبێت ئەم بیرۆکەیە لەسەر تەلارە کولتوورییەکان و ئەوانەی خەسڵەتی ڕۆشنبیری و شارستانی هەڵدەگرن، پراکتیزە بکرێت.

بەڵام پرۆژەگەلێکیش هەن کە مەترسییان لەسەر پچڕانی گفتوگۆی نێوان ڕابردوو و داهاتووی شارەكە دروست كردووە. پرۆژە شارنشینییە بەرفراوانەکان —کە گەشەپێدانی ئابووری لە پێشەوەی پاراستنی کولتووری دادەنێن— ڕەنگە هەڕەشە لە سڕینەوەی ئەو تایبەتمەندییە مێژوویی و کولتوورییانە بکەن کە شوناسی سلێمانییان لەسەر بەندە. ئەم گرژییەی نێوان پاراستن و گەشەپێدان یەخانگیرییەكی ناوەندییە بۆ داهاتووی شارەکە، بەتایبەت لەنێوان هەردوو بەرەی پارێزەرانی شوناسی شارەكە و سەرمایەدارە قازانجویستەكاندا.

 

چیای گۆیژە، دووڕیانێکی ڕەمزی و ژینگەیی

چیای گۆیژە لە باکوورەوە سلێمانیی لەباوەش گرتووە. شێوەیەكی جوان و بەویقاری هەیە و لە بەهار و زستاندا سیمایەكی تایبەت دەپۆشێت. هەر لە کۆنەوە هێمایەکی ئەدەبی و کولتووری بووە. چیایەکە بەقووڵی پێوەستە بە شوناسی شارەکە و خەڵکەکەیەوە. پلانی گۆڕینی چیای گۆیژە بۆ ناوچەیەکی نیشتەجێبوون نیگەرانییەکی جددی دروست دەکات.

 

 

کاریگەریی لەسەر داهاتوو و شوناسی شارەکە

داڕمانی کولتووری: ناوچەکە بەهایەکی ڕەمزیی گەورەی هەیە بۆ دانیشتووانی شارەکە. بەپرۆژەكردنی چیایەكە، یان بەشێكی، دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی کولتووری کە تێیدا هێما ئەدەبی و مێژوویییە گرنگەکان لەدەست دەچن. چیای گۆیژە وەکو پێوەندییەکی فیزیکی و مێتافۆریک بە ڕابردووی شارەکەوە بەهای خۆی هەیە. لەناوچوونی ئەم هێمایە دەتوانێت زیان بە ناسنامەی هاوبەش و خۆتێگەیشتنی دانیشتووان بگەیەنێت.

 

دۆخی ژینگەیی

بەپرۆژەكردنی چیای گۆیژە پێ دەچێت ببێتە هۆی لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوویی و مەترسی بۆ ژینگەی سروشتیی گیانەوەران دروست بكات. دەرەنجامە نەرێنییەكانی ئەمەش بۆی هەیە مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ژینگەییی ناوچەکە هەبێت. هەروەها زیادبوونی چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر شاخەكە و دەروربەری، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی پیسبوون و زیادبوونی پاشەڕۆ، ئەمەش هەم زیان بە ژینگە و هەم جۆرایەتیی ژیانی دانیشتووانی شارەکە دەگەیەنێت .گیانلەبەر و ئاژەڵە کوێوییەکان بەشێکی پێکهێنەری شارەکانن. یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی شاری مۆدێرن، بوونی زەمینەی ژیانە بۆ ئاژەڵە کێوییەکان. ئێمە ناتوانین دارستانمان هەبێت بەبێ بوونی ژیانی کێوی تێیدا٣.

 

خۆشگوزەرانیی دەروونی

ناوچە سەوزەکان و دیمەنە سروشتییەکانی وەک چیای گۆیژە ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئەرێنییانەی دەروونی لای دانیشتووانی شار دەگێڕن. لەدەستدانی ئەم جۆرە ناوچانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئاستی گوشار و کەمبوونەوەی جۆرایەتیی ژیان و زیادبوونی شپرزەیی و دڵەڕاوكێ و خەمۆكی بۆ دانیشتووانی شارەكە. ئەمە جگە لەوەی جیاوازییەكانی نێوان شار و دەرەوەی شار نامێنن و ئەمەش زیانێكی گەورە بە شوناسی شارەكە دەگەیەنێت.

 

 

گرنگیی سلێمانی بۆ هەولێر و سنە

 

سلێمانی وەک شار هەرگیز گرنگییەكەی بەتەنیا بۆ خۆی نەبووە. لەسەردەمی بابانییەكاندا ئەو شارە دەبێتە چەقی كۆبوونەوەی كورد لە هەموو شوێنەكانەوە. هەبوونی مزگەوت و قوتابخانە و كتێبخانە و حوجرەكان ئەو هەلەیان بۆ شارەكە ڕەخساندووە كە كۆكەرەوە بێت. سلێمانی بەو ناوچانە دەورە گیراوە كە ڕێگاكانیان بەئاسانی دەیانبەستێت بە شوێنەكانی دیكەوە وەک شارباژێڕ؛ قەرەداغ؛ چەمچەماڵ. ئەمەش وای كردووە لە هەر چوارلاوە خەڵک ڕووی تێ بكەن. ئێستاش بەشێكی گەڕەک و ناوچەكانی سلێمانی هەڵگری ناوی كەمینە و جۆراوجۆری ڕەگەزین.

 شوناسی شارەكە پێگەخوازانە نییە و پێوەندخوازانەیە. هەمیشە پردێک بووە لەنێوان هەولێر و سنە و ناوچە و شارە نێوانییەكانی ئەم دوو میرنیشینەدا، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ستراتیژییە کولتوورییەکەی. لە کاتێکدا ئێستاکە هەولێر پایتەخت و ناوەندی ئیداری هەرێمی کوردستانە، ئەوە سلێمانیی وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیری وەرگرتووە. سنە سەردەمانێک پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بوو كە بە هەردوو توانا مرۆیی و پاڵنەرە کولتوورییەکان بەشداریی لە بنیاتنانی سلێمانیدا کرد. هەولێر هەردەم شوناسی كوردبوون دەگێڕێتەوە بۆ نێو قووڵایییە مێژوویییەكەی و ئەم سێ پێوەندییەیش شوناسی کورد و یەکگرتووییی کولتووری لەودیو سنوورە دەستكردەكانی نێوان دەوڵەتە داگیركەرەكانی وەک عێراق و ئێران پتەوتر دەکات. دانپێدانان و پێشخستنی ئەم پێوەندییە کولتوورییە بۆ دەستەبەرکردنی گەشەسەندنی هاوسەنگ لە ناوچەکەدا زۆر گرنگە. هاوکاریی نێوان ئەم شارانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی.

 

داهاتووی سلێمانی، ڕوانگە ژینگەیییەكان

بۆ ئەوەی سلێمانی داهاتوویەكی گەش و كارامەی هەبێت، زۆر پێویستە گرنگی بە گەشەپێدانی بەردەوام بدرێت بەتایبەتی ڕێوشوێنە ژینگەیییەكان بە لەبەرچاوگرتنی شوێنە دێرینەكانی شارەكە و دروستكردنی هاوسەنگی لەگەڵ شوێنە مۆدێرینەكانیدا. لێرەدا چەند ستراتیژییەک دەخەمە ڕوو کە دەتوانن بەشدار بن لە گەشەپێدانێکی شارستانیی بەردەوام و ژینگەدۆستانەدا:

 

- سنوورداركردنی شاقووڵییانەی تەلارسازی و پەرەپێدان بە تەلاری سەوزكراو.

- سلێمانی شارێكە پێویستی بە تەلاری بەرز نییە؛ چونكە هەر چواردەوری بە چیای بەرز گیراوە و بینا بەرزەكانی ئاسۆی بینین تەسک دەكەنەوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەروونیی زۆری لەسەر دانیشتووانەكەی دەبێت.

- كەمبوونەوەی ئاسۆی بینین، شوێنەکە یان شارەکە دەكاتە زیندانێكی بەرتەسک. بۆیە پێویستە لە پرۆژەكانی داهاتوودا بینای شاقووڵی و بەرز سنووریان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی بەشە نزمەكەی شار هەستی داچوون و نغرۆبوون دروست نەكات.

- جێبەجێکردنی سەقفی سەوز و باخچەی هەڵواسراو، بۆی هەیە جۆرایەتیی هەوا باشتر بكات و شەپۆلە گەرمییەكان كەمتر بكەنەوە.

 

ئێستاکە سلێمانی وەک شارێكی وشک خۆی دەردەخات. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی كەمبوونەوەی باران و زۆریی بیری ماڵانەوە شارەكە كەوتە بەردەم كێشەی بێئاوییەكی زۆر. لەسەردەمی نالی و هاوڕێكانیدا شارێكی تەڕ و ئاوی بوو. قەسیدەكەی بۆ سالم، پڕە لە كانی و چەشمە و كارێز و ڕووبار ئەم جیاوازییەیش لەنێوان تەڕیی سلێمانی و وشكیی ئەم شارەدا بەڕوونی هەستی پێ دەكرێت. بۆیە دەبێت بەوردی بیری لێ بکرێتەوە. شارەكە بە چیا و گردۆڵكە و شیوەڵی زۆر دەوری گیراوە، ئەوانە هەموو شوێنی باشن بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و سەوزكردنەوەی چواردەوری شارەكە. جگە لەوەیش، پێویستە لە تەلارسازیی شارەكەدا تەكنەلۆژیای نوێی وزە وەک پانێڵی خۆر و وزەی سروشتی بەكار بهێنرێت. سیستەمی زبڵی شارەكەش پێویستە بگۆڕدرێت و سیستەمێكی ژینگەپارێزانەتر بەكار بهێنرێت وەک جیاكردنەوەی (شووشە، كارتۆن، خۆراكی بەرماوە و پلاستیک) لە یەكتر؛ دانانی چوار زبڵدان بە ڕەنگی جیاواز لەلایەن شارەوانەکانییەوە؛ ڕووكارێكی پەروەردەییی ژینگەپارێزانە دەداتە هاووڵاتییان وەک ئەوەی لە دانیمارک پەیڕەو دەكرێت. ئەمەش خوارووی شار لە مەترسییەكانی پیسبوونی ئاو دەپارێزێت.

 

گواستنەوە و جووڵە: سلێمانی شارێكە چەندین بەرزی و نزمیی تێدایە. بۆیە وەبەرهێنان لە سیستەمی گواستنەوەی گشتی وەک پاسی كارەبایی، پاسكیل، زۆر بەسوود دەبێت. بە كەمكردنەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلیش هەوای شارەكە پاكتر دەبێتەوە بەتایبەتی كە پیسیی هەوا لە ناوەڕاستی شارەكەدا كۆ دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا ناشتنی درەختی خۆماڵی وەک بەڕوو و مازوو و سوورەچنار —كە لەگەڵ ژینگەی سروشتیی شارەكەدا گونجاون— ئاوێكی زۆر كۆ دەكەنەوە. سوودی زۆر زیاتر و جوانییەكی سروشتیتریان هەیە وەك لە درەختی بێبەر، كە ئێستا هەرێمیان تەنیوەتەوە.

بەڕێوەبردن و بەكارهێنانەوەی پاشماوەكان: جێبەجێکردنی سیستەمی کاریگەری جیاكردنەوەی بەرماوە و پاشماوەكان و بەرنامەدانانی ورد بۆ ڕیسایکلکردن دەتوانێت بڕی ئەو پاشماوە کەم بکاتەوە کە لە زبڵدانەکاندا کۆتایییان دێت. هەروەها هەڵمەتەکان بۆ بەرزكردنەوەی هۆشیاریی بەفیڕۆنەدان و بەرماوە، ڕیسایکلکردن و کەمکردنەوەی پاشماوە لەنێو دانیشتوواندا دەتوانن سوودبەخش بن.

پاراستنی ناوچە سەوزەکان: سلێمانی لە ساڵانی چلەوە بە چاندنی سنەوبەرەكانی بناری گۆیژە دەستی بە پرۆژەیەكی زۆر بەسوودی ژینگەپارێزی كردووە بە ناوی ”پرۆژەی دارستانی گۆیژە، ١٩٤٧“؛ ئەم پرۆژەیە دەبێت بەردەوام بێت و سنووری شارەكە بەتەواوی سەوز بكرێت. هەروەها ئەو كانی و ئاو و مێرگانەی دەوروبەری شارەكە بپارێزرێن و زیندوو بكرێنەوە بۆ ئەوەی جۆراوجۆریی ژیان لەو شوێنانە بپارێزرێن. ڕیچ هێندە لە سلێمانی دوور ناكەوێتەوە، كە سەرنجی مێرگ و كانیاوەكان دەدات و بۆقی سەوز دەبینێت لە شوێنی شێدار نەبێت، ناژێت. هەروەها ئەم شوێنانە دەبنە شوێنی كاتبەسەربردنی دانیشتووانی شارەكە. پاراستنی دارستانەکانی ئێستا و چاندنی نەمامی نوێ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

ئەنجام...

تەلارسازیی سلێمانی شایەتحاڵی زیندووی سەروەت و سامانی ئەو شارەیە كە مێژوو و هەمەجۆریی کولتوورەکەی بەشێكە لە شوناسە ڕەسەنەكەی. چ عەقڵی كارگێڕیی شارەكە —كە ئەوسا بابانییەكان بوون— چ جیاوازیی خەڵكەكەی؛ ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە داڕشتنی ئەم تەلارسازییە —کە لەبەرانبەردا کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی دانیشتووان و شوناسی شارەکە هەیە و هاوشوناسییەكی پێک هێناوە— پرۆژە شارنشینە هاوچەرخەکان توانای ئەوەیان هەیە ئەم پێوەندییە مێژوویییە درێژ بکەنەوە، یان بیبڕن، ئەمەش بەپێی ئەوەی کە چۆن هاوسەنگی لەنێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا دروست دەکەن. سەرمایەدارانی شارەكەیش ئەوەندە خۆیان بە دڵسۆزی شارەكە دەزانن، بیریش لەم هاوسەنگییە دەكەنەوە.

لەلایەكی دیكەوە، بە پێچەوانەی ململانێ سیاسییەكانەوە، پێوەندیی سلێمانی لەگەڵ هەولێر و سنە جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی ناسنامەی ناوازەی شارەکە دەکاتەوە لە هەمان کاتدا هاوکاری و گەشەپێدانی ناوچەیی بەرەوپێش دەبات. ئەم پێوەندییە بۆ زیندوومانەوەی سلێمانی وەک شارێكی”ترانزێتی“ و سەرەڕێ  لەنێوان ئەو دوو پنتە كولتوورییەدا زۆر گرنگە. هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەكی بەردەوام بۆ سلێمانی، زۆر بایەخدارە گرنگی بە ڕێوشوێنە ژینگەیییەكان بدرێت —کە دەتوانن ژینگەی شارەکە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووانەکەی باشتر بکەن— پلانەکانی گۆڕینی چیای گۆیژە بۆ ناوچەیەکی نیشتەجێبوون نیگەرانییەکی جددی لەبارەی پاراستنی میراتی کولتووری و ئیکۆلۆژیی شارەکە دروست دەکات. پێویستە هاوسەنگی لەنێوان گەشەپێدان و پاراستن بدۆزرێتەوە لەپێناو پاراستنی شوناس و ئایندەی سلێمانی. بەرزایییەكانی ئەو شارە و گرد و چیاكانی هەر تەنیا بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون لەبار نین، بەڵكوو بۆ پرۆژەی پاراستنی جۆراوجۆریی ژیان و زیندەوەر، گلدانەوەی ئاو، بووژندنەوەی مێرگ و كانی و ئەستێركەكانیش لەبار و بەسوودن. بۆیە ئەو بیرۆكەیەی لە هەر شوێنێكی دەوروبەری سلێمانی ناوچەیەكی بەتاڵ و عەردێكی بایاری بینی، یەكسەر بیر لە پرۆژەی نیشتەجێبوون بكاتەوە، بەو كارەی شارەكە دەخنكێنێت. ئەزموونەكانی تا ئێستا ئەوە ئاشكرا دەكەن، لە پلاندانان و نوێكردنەوەی شارەكەدا، زۆر دووربین نەبووین.

 

سەرچاوەکان

جگە لەو سەرچاوانەی لە مەتندا ئاماژەیان پێ كراوە، ئەم سەرچاوانەش سوودبەخش بوون:

١- ڕیچ: گەشت بۆ كوردستان ١٨٣٦؛

 

2- Saman Ihsan Fuad: The Old Houses of Slemani. From Hopes of Preservation to Heaps of Rubble. https://globalhistorydialogues.org/projects/the-old-houses-of-slemani/

 

٣- سیوەیلی ٢٠١٦، ٢٠٢٠.

 

سپاسنامە:سپاس بۆ هەریەكە لە هاوڕێیان پ. ڕێبوار سەعید؛ پ. ی. محەمەد تەهاحسێن؛ د. خەبات مارف؛ ئەندازیار فوئاد ئەحمەد؛ ئەندازیار مەعرووف حەسەن؛ كە پێش بڵاوبوونەوە ئەم وتارەیان خوێندەوە و سەرنجی خۆیان پێ بەخشیم.

Comments


bottom of page