لاساییکردنەوەی سروشت لە هونەری تەلارسازیدا
- KHAN MAGAZINE
- Mar 27
- 5 min read
نووسینی:
د.توانا ڕەسوڵ
بایۆمیمیکری بریتییە لە زانستی دۆزینەوە و لاساییکردنەوەی زیندەوەران بۆ چارەسەرکردنی گرنگترین و قووڵترین ئاریشە هەنوکەیییەکان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا. زاراوەی ”بایۆمیمیکری“ زاراوەیەکی یۆنانییە کە لە دوو وشە پێک هاتووە. وشەی ”بایۆ“ بە مانای ژیان و ”میمیکری“ بە مانای لاساییکردنەوە دێت. ئەم ڕێچکە تا ڕادەیە نوێیە لە تەلارسازیدا، بە ئاوێتەبوونی تەلارسازی و زیندەزانی دروست بووە کە لە ڕێگەیەوە تەلارساز دەتوانێت ئیلهام وەربگرێت لە شێوازی ژیان و وەڵامدانەوەی زیندەوەران بۆ گۆڕانکارییە ژینگەیییەکان.
سیستەمی زیندەیی ٣.٨ ملیار ساڵە دروست بووە و تاوەکوو ئێستا توانیویەتی بەردەوام خۆی ئاریشەکانی خۆی چارەسەر بکات و بەردەوام بێت. بۆ نموونە، پاشماوەی دوانۆکسیدی کاربۆن لە بنچینەی سووڕی ئەم ژیانەدا یەکسانە بە سفر. بە واتایەکی تر، چەندین گازی دوانۆکسیدی کاربۆن بەرهەم دێت، ئەوەندەیش ئۆکسجین قەرەبووی دەکاتەوە. هەندێک لە زیندەوەرەکان سەرچاوەی خۆراکیان زیندەوەری ترە و هەندێکی تریشیان ڕووەک سەرچاوەی وزەیانە. ئەوەی گرنگە لەم سیستمەدا ئەوەیە کە هەموو بەشەکان ئۆرگانین تەواوکەری یەکن.
بایۆمیمیکری لە سێ بەش پێک هاتووە:
١- لە ڕووی فۆرمەوە١: لەم بارەدا تەلارساز ئیلهام وەردەگرێت لە فۆرمی سروشتیی ڕووەکێک یان گیانەوەرێک و پاشان دەیگوازێتەوە بۆ فۆرمێکی تەلارسازی.
٢- لە ڕووی ڕەفتارەوە٢: لەم بارەدا تەلارساز لاساییی ڕەفتار و وەڵامدانەوەی ڕووەکێک یان گیانەوەرێک دەکاتەوە لە پرۆژە تەلارسازییەکانیدا.
٣- لە ڕووی سیستەمی زیندەیییەوە٣: تەلارساز دەتوانێت هاوشێوەی سیستەمێکی زیندەیی لە تەلارسازیدا لاسایی بکاتەوە.
ئەم سێ بەشەی بایۆمیمیکری بەپێی ئەرک و بەکارهێنانی لە پرۆژە تەلارسازییەکاندا بەکار دەهێنرێت. ئۆرگانیزم زیاتر لە پرۆژە بچووکەکان لەسەر ئاستی باڵەخانەیەک یان ماڵێک بەکار دەهێنرێت؛ بەڵام بە پێچەوانەی ئۆرگانیزمەوە، ئیکۆسیستەم لە پرۆژە گەورەکانی وەک گەڕەک و شار و شارۆچکەکان بەکار دێت. لەلایەکی ترەوە، ڕەفتار لە هەموو بارەکاندا بەکار دەهێنرێت بەپێی گونجاندنی لەگەڵ بەکارهێنانی پرۆژەکەدا.
لەگەڵ دروستبوونی هەر پرۆژەیەکی تەلارسازی، کەم تا زۆر، کاریگەریی لاوەکیی تەلارسازی لەسەر ژینگە هەیە. ئەمەیش بەهۆی ئەو کەرەستانەی بەکار دەهێنرێت لەگەڵ ئەو دیزاینانەی ناگونجێن بۆ ئەم ژینگەیە. ئەگەرچی لامان ڕوون و ئاشکرایە بارستە کۆنکریتییەکان لە شاردا زۆرترین زیانیان گەیاندووە بە ژینگەکەمان، بەڵام هەرگیز ناتوانین دەستبەرداریان بین لەبەر ئەوەی شوێنی ژیان و کارکردنمانن. کڕۆکی کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانەی و درێژەدان بە ژیانی، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەم سیستەمە دروست دەکات و بە ئەندازەی بەرهەمهێنانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆنەکەی، نەیتوانیوە قەرەبووی ئۆکسجین بکاتەوە. پاشەڕۆ کارگەیییەکان و هەندێک لە ڕەفتارەکانی مرۆڤ کێشەی گەورەی بۆ خۆی و بۆ ژیانی زیندەوەرانی تر دروست کردووە تا ئەوەی هەندێک لە ئاژەڵان و ڕووەکەکانی قڕ کردووە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورانە، تەلارسازیی بایۆمیمیکری باشترین ڕێگەچارە فەراهەم دەکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگە. لەم ڕێگەیەوە تەلارساز دەتوانێت بۆ هەر کێشەیەکی بواری تەلارسازی پرسیار لە سروشت بکات و وەڵام و چارەسەری کێشەکانی لە سروشتەوە وەربگرێت. بۆ نموونە زیندەوەران بۆ گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە ڕێگەی پاسیڤ بەکار دەهێنن و پێویستیان بە وزەی دەرەکی نییە؛ هەروەها بەشێکی تری زیندەوەران بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ژیان، توانای خۆگونجاندنیان هەیە لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین —کە ئەمەش خاڵێکی سەرەکییە کە تەلارساز دەتوانێت لاساییی بکاتەوە— بۆ نموونە، پرۆژە لە هەر ئاووهەوا و ژینگەیەکدا بکات دەتوانێت سوود لە گیانەوەر و ڕووەکی ئەو شوێنە وەربگرێت کە چۆن خۆگونجاندنیان هەیە بۆ گەرما و سەرما.
ئەم پرۆژانەی خوارەوە نموونەی هەندێک کاری تەلارسازییە کە ئیلهام لە سروشتەوە وەرگیراوە:
١- پرۆژەی ”سەنتەری ئێستگەیت“ لە زیمبابۆی لە ساڵی (١٩٩٦) تەواو بووە و لەلایەن تەلارساز ”مایک پییەرس“ دروست کراوە. ئەم پرۆژەیە لە بازاڕ و ئۆفیسی کارکردن پێک هاتووە. بیرۆکەی پرۆژەکە لە هەواگۆڕکێی سروشتیی تەپۆڵەکەی ئەو مێروولانەی لەم شوێنەدا دەژین، وەرگیراوە. تەپۆڵکەکە بە جۆرێکە، بەشێکی دەکەوێتە سەرزەوی و بەشەکەی دیکەی لە ژێرزەویدایە کە بەرزترینیان دەگاتە سی پێ. ئەم تەپۆڵکانە لە کونەکانی بەشی خوارەوە هەوا وەردەگرن و لە بەشی سەرەوەی تەپۆڵکەکە هەوا دەکەنە دەرەوە —ئەمەش پرەنسیپکی فیزیایییە— هەوای گەرم سووکە و بەرەو شوێنی بەرز دەچێت؛ بەم پێیە بەشی ناوەوەی شارەمێروولەکە بەفێنکی دەمێنێتەوە. بە لاساییکردنەوەی ئەم زیرەکیی شارەمێروولەیە لە پرۆژەی ”سەنتەری ئێستگەیت“، توانراوە ٩٠٪ خواست لەسەر بەکارهێنانی وزە بۆ هەواگۆڕکێ کەم بکرێتەوە.

٢- پرۆژەی ”کۆنسڵ هاوس-٢“: شوێنێکی دیار و پرۆژەیەکی زیندووە. دەکەوێتە شاری مێلبۆرن لە ئوسترالیا و لە ساڵی (٢٠٠٦) تەواو بووە. ئەم پرۆژەیە لەلایەن تەلارساز ”مایک پییەرس“ دیزاین کراوە. بۆ دیزاینکردنی پرۆژەکە ئیلهام لە تەپۆڵکەی مێروولە و سێبەری دار وەرگیراوە. پرۆژەکە لە توانایدایە بەفیڕۆدانی وزە بۆ ساردکردنەوە و گەرمکردنەوە کەم بکاتەوە لە ڕێگەی هەواگۆڕکێ و ڕووناکیی سروشتی. هەروەها دەتوانێت کارەبا بەرهەم بهێنێت لە ڕێگەی ئەو تۆڕباینانەی لە بەشی سەرەوەی بیناکە دانراوە کە بەو هەوا گەرمە دەخولێنەوە و لە بیناکە دەچێتە دەرەوە؛ پاشان لە ڕێگەی سەوزکردنی سەربانی بیناکە و دانانی پانێڵی وزەی خۆر توانراوە تێچووی بیناکە بۆ وزەی گەرمی و ساردی کەم بکرێتەوە. لە ڕێگەی ئەم بیرۆکەیەوە توانراوە ٥٠٪ بەفیڕۆچوونی وزە کەم بکرێتەوە.

٣- هۆڵی ”شانۆی ئیسپلاناد“: ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە سەنگافوورە و لە ساڵی (٢٠٠٢) لەلایەن ئۆفیسی ”دیپی“ بەهاوبەشی لەگەڵ ”میشێل وێڵ فۆرد و هاوبەشەکانی“ لە بەریتانیا دیزاین کراوە. بیرۆکەی پرۆژەکە لە میوەیەکی سەنگافوورەوە هاتووە کە بە ”میوەی دووریان“ ناسراوە. ئەم میوەیە شێوەکەی بە جۆرێکە کە ڕووکاری دەرەوەی دڕکاوییە وەک ژیژکێک، کە ئەمەش سێبەرێکی سروشتی بۆ میوەکە دروست دەکات و لە ڕۆژە گەرمەکاندا دەیپارێزێت بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بمێنێتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم میوەیە خۆی گونجاندووە لەگەڵ گەرمای سەنگافوورە و ئەم هۆڵی شانۆیەیش هەر لە سەنگافوورەیە، هەر بۆیە بە لاساییکردنەوەی خۆگونجاندنی ئەم میوەیە لەبەرانبەر گەرمای هاویندا لەڕێگەی دڕکەکانەوە، دیزاینی ڕووکاری دەرەوەی باڵەخانەی شانۆکە کراوە کە دەتوانێت سێبەرێکی باش بۆ بیناکە دروست بکات و ٣٠٪ بەفیڕۆچوونی وزە کەم بکاتەوە.

٤- ”ئەڵجی-هاوس“ لە هامبۆرگ، ئەڵمانیا: پرۆژەکە لە لایەن ”Splitterwerk and Arup“ لە ساڵی (٢٠٠٦) دیزاین کراوە. بیرۆکەکە لەوە هاتووە کە قەوزە لە ئاوی وەستاودا و لەژێر کاریگەریی تیشکی خۆردا گەشە دەکات. بە لاساییکردنەوەی ئەم ستراتیژییە بۆ ڕووکاری بینایەکی شوققە، توانراوە ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ بەفیڕۆدانی وزە کەم بکرێتەوە. دیزاینەکە بە جۆرێکە ڕووکاری بیناکە لە دوو پانێڵی شووشە پێک هاتووە. نێوانی دوو پانێڵەکە بە ئاو پڕ کراوەتەوە و گەردیلەی قەوزەی تێدا دانراوە. ئەم تەکنیکە بەتەواوی لە ڕووکاری بیناکەدا دووبارە بووەتەوە. لەو بەشانەی کە ڕاستەوخۆ تیشکی خۆر دەیدات لە پانێڵەکە، قەوزەکە گەشە دەکات و سێبەر بۆ بیناکە دروست دەکات. ئەو بەشانەی بیناکەیش کە تیشکی خۆر ڕاستەوخۆ لێیان نادات، قەوزەکە گەشە ناکات و شووشەکان بەڕوونی دەمێننەوە.

٥- تاوەرەکانی ”ئەلبەحر“ لە ئەبووزەبی، ئیمارات: ئەم دوو تاوەرە لە ساڵی (٢٠١٢) تەواو بووە و لە لایەن Aeda” Architects“ بەهاوبەشی لەگەڵ ”Arup“ دیزاین کراوە کە پێک هاتووە لە دوو تاوەری بازرگانیی ٢٥ نهۆمی کە هەر تاوەرێکیان ١٤٥ مەتر بەرزە. بیرۆکەی دیزاینەکە بایۆمیمیکرییە و سوود وەرگیراوە لە گوڵی لۆتەس ”Lotus“ —کە ئەم گوڵە توانای خۆگونجاندنی هەیە بەرانبەر تیشکی خۆر— لەژێر کاریگەریی تیشکی خۆردا دەکرێتەوە و بە نەمانی ئەم کاریگەرییە، دادەخرێت. بە لاساییکردنەوەی ئەم زیرەکییە، بەرگێک٤ دیزاین کراوە بۆ ئەم تاوەرانە، نزیکەی ٢٠٠٠ پارچە لەم بەرگە وەک چەتر بە ڕووکاری بیناکاندا جێگیر کراوە کە لە توانایاندا هەیە بەتەواوی بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ڕاستەوخۆ تیشکی خۆر بچێتە ناو بینایەکەوە. لە کاتی نەمانی تیشکی خۆردا، ئەم بەرگە زیرەکە دادەخرێت بۆ ئەوەی زۆرترین ڕووناکیی سروشتی بچێتە ناو بینایەکەوە. بۆ لکاندنی ئەم بەرگە بە بینایەکانەوە، سوود وەرگیراوە لەو مەشرەبییە عەرەبییەی —کە لە کۆندا بۆ پەنجەرەکان دروستیان دەکرد— بۆ ئەوەی سێبەر دروست بکات. لە ڕێگەی ئەم بەرگە زیرەکەوە دەتوانرێت ٥٠٪ بەفیڕۆچوونی وزە بۆ ساردکردنەوە کەم بکرێتەوە.

٦- ”پرۆژەی ئیدن“، ئینگلتەرا: ئەم پرۆژەیە لەلایەن تەلارساز ”نیکۆڵاس گریمشاو“ دیزاین کراوە. بەهۆی ئەوەی ئەم پرۆژەیە بۆ بەخێوکردنی ڕووەکەکانە، هەر بۆیە بۆ دیزاینکردنی ئیلهام وەرگیراوە لە گەردی ئاو بۆ دیزاینی شێوەی پرۆژەکە. پرۆژەکە لە سەرەتاوە بۆ بەخێوکردنی باڵندە و ڕووەکەکان دیزاین کرابوو بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی جوانی و گونجاندنی دیزاینەکە لەگەڵ ژینگەکەدا بوو بە شوێنێکی گەشتیاری و ساڵانە ملیۆنان گەشتیار سەردانی دەکەن. ئەم پرۆژەیە لەسەر ڕووبەرێکی فراوان دیزاین کراوە هەر بۆیە لەسەر ئاستی ئیکۆسیستەم لە بایۆمیمیکریدا هەژمار دەکرێت.

٧- سیستەمی سێبەری شێوە چەماوە٥: ئەمە دیزاینێکی نوێیە لە بواری بایۆمیمیکریدا کە ئێمە دیزاینمان کردووە وەک ڕێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی گەرمبوونی بێزارکەری ناو بیناکانمان بەکار دەهێنرێت. لەبەر ئەوەی کێشەکە گەرمییە، هەر بۆیە لە سیستەمی بایۆلۆژیدا گەڕاوین بۆ باشترین وەڵامدانەوەی زیندەوەران بۆ گەرمی. بۆ ئەم مەبەستەش ڕووەکی کاکتەسی بیابانمان هەڵبژاردووە کە توانای خۆگونجاندنێکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ کاریگەریی گەرمی بیابانەکاندا. چوستی و کاریگەریی ئەم دیزاینە لە ڕێگەی بەرنامەی وزەوە لەسەر هەرێـمی کوردستان و عێراق تاقی کراوەتەوە و سەلمێنراوە. دوو سەرەکیترین زۆنی ئاووهەوای عێراق بریتین لە ”بەشی خوارەوەی عێراق“ کە زۆنی گەرمە؛ ”هەرێمی کوردستان“ کە زۆنی مامناوەندە. دیزاینی سیستمی سێبەرەکە لە چەماوەی ڕووەکی کاکتەسەوە وەرگیراوە کە لە توانایدا هەیە بە کەمترین ڕووبەر، زۆرترین سێبەر دروست بکات. ئەمەش نوێگەرییەکی بەرچاوە بەراورد بەو سیستمانەی پێشوو کە بە ڕووبەرێکی زۆر، سێبەرێکی کەمیان دروست دەکرد، کە ئەمەش دەبووە هۆی زیادبوونی تێچوو و کێشی بیناکە. ئەم دیزاینە لەسەر سێ باوترین جۆری نەخشەی بینا تاقی کراوەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە: جۆری هێڵی٦؛ هاوسەنتەر٧؛ حەوشە٨. لە ئەنجامدا، دیزاینەکە دەتوانێت ١٦٪ بۆ ٣١٪
بەفیڕۆچوونی |وزە بۆ سارکردنەوە کەم بکاتەوە.

لە کۆتاییدا، بەهۆی ئەو کێشە هەنووکەیییانەی کە ڕووبەڕووی ژینگە بووەتەوە— بەتایبەت گەرمبوونی زەوی و پیسبوونی ژینگە— تەلارسازی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پشت بە زانستی بایۆمیمکری ببەستێت وەکوو باشترین ڕێگەچارە. ئەمەش لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی سروشت و خۆگونجاندن دەبێت لەگەڵیدا بۆ ئەوەی پرۆژە تەلارسازییەکان دۆستی ژینگە بن و کەمترین لایەنی نەرێنییان هەبێت لەسەر ژینگە. بۆ هەر کێشەیەکی تەلارسازی، دەبێت پرسیارێک لە مێشکماندا دروست ببێت ”کە ئایا هاوشێوەی ئەو کێشەیە لە سروشتدا هەیە یان نا؟“ لەبەر ئەوەی سروشت لە هەگبەکەیدا باشترین ڕێگەچارەی بۆ کێشە جۆراوجۆرەکان بۆ دەستەبەر کردووین.
“1- Organism”
“2- Behavior”
“3- Ecosystem”
“4- Skin”
“5- Bio-curvilinear shading device”
“6- Linear”
“7- Concentric”
“8- Courtyard”
Comments