لێکۆڵینەوە لە شوناسی تەلارسازیی نەخشەی خانووەکانی شاری هەولێر لەنێوان ساڵانی (١٩٠٠-٢٠٢٠) لە ڕێگەی شیکردنەوەی تایپۆمۆرفۆلۆژی
- KHAN MAGAZINE
- Feb 7
- 7 min read
Updated: Mar 29
پێشەکی
ئەم لێکۆڵینەوەیە تایبەتە بە دیاریکردنی شوناسی تەلارسازیی نەخشە دووڕەهەندییەکانی خانوو لە شاری هەولێر بۆ ماوەی ١٢٠ ساڵ لە ڕێگەی بەکارهێنانی میتۆدی شیکردنەوەی تایپۆلۆژیا و مۆرفۆلۆژیای ئەم نەخشانە. شاری هەولێر وەک کۆنترین شاری جیهان کە تا ئەمڕۆ ژیان تێیدا بەردەوامە، مێژوویەکی دەوڵەمەندی تەلارسازیی هەیە. یەکێک لەو تایپانەی تەلار کە چیرۆکی تەلارسازی لەم شارەدا دەگێڕێتەوە، بریتیە لە خانوو. وەک زۆربەی شارەکانی دونیا، خانوو یەکێک بووە لە سەرەتاییترین تەلارەکان کە لە شاری هەولێر پەیدا بووە. کۆنترین خانوو کە لە شاری هەولێر بەرچاو دەکەوێت دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. هەر بۆیەش لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئەم سەرەتایە دیاری کراوە.
هەڵبژاردنی نموونەکان
بۆ مەبەستی ئەم لێکۆڵینەوەیە، (١٤٠) نموونەی خانوو دەستنیشان کراون لە شوێنی جیاواز لە شاری هەولێر. نموونە هەڵبژێردراوەکان لەسەر چەند بنەمایەک دەستنیشان کراون:
- پێویستە نموونەکان لە بارودۆخێکی فیزیکیی باشدا بن واتە نەڕووخابن و نەشێوێنرابن.
- پێویستە نموونەکان ڕەسانەیاتییان تێدا بێت و دەستکاری نەکرابن.
نموونە هەڵبژێردراوەکان دابەش کراونەتە سەر چوار سەردەم کە ئەمانەن:
- (١٩٠٠-١٩٢٩) ٢٠ خانوو؛
- (١٩٣٠-١٩٥٩) ٢٠ خانوو؛
- (١٩٦٠-١٩٨٩) ٥٠ خانوو؛
- (١٩٩٠-٢٠٢٠) ٥٠ خانوو.
کۆکردنەوەی زانیاری١
داتای نەخشەی خانووەکان لە ڕێگەی جیاواز بەدەست خراون لەوانە لە ئەرشیڤی قەڵاتی هەولێر و شارەوانی؛ هەروەها لە ڕێگەی ڕووپێوی بۆ خانووەکان. ئەم نەخشە و هێڵکارییانە بە بەکارهێنانی بەرنامەی ئۆتۆکاد سەرلەنوێ ڕەسم کراونەتەوە.
شیکردنەوەی تایپۆمۆرفۆلۆژی
تایپۆلۆژیا: بریتییە لەو بەشەی زانست کە بایەخ بە لێکۆڵینەوە لە تایپ دەدات و لەو بنەمایانە دەکۆڵێتەوە کە پێوەستن بە پۆلێنکردنی تەلار بەگوێرەی خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی.
لە لایەکی ترەوە تایپۆلۆژیا بایەخ بە خەسڵەتەکانی فۆڕم و ئەدگارەکانی شوێن دەدات کە پێوەستن بە تەلارەکانەوە. لێرەدا مێژوو و کولتوور کاریگەرییەکی قووڵیان هەیە بەسەر دیاریکردنی ئەم خەسڵەتانەوە.
مۆرفۆلۆژیای تەلار: بریتییە لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەدگارە فیزیکییەکانی ئەم تەلارە. ئەمەش لایەنی نەخشەکێشان و فۆرم و ڕێکخستنی فەزایەکان و پێوەندییان بە دەوروبەر دەگرێتەوە.
گەشەسەندنی تایپی هەر تەلارێک متمانە دەکاتە سەر بوونی ئەدگارە لێکچووەکان لە ڕووی وەزیفە و فۆرمەوە. ئەم ڕێبازی شیکردنەوەیە ناسراوە بە تایپۆمۆرفۆلۆژیا.
ئەنجام
لێکۆڵینەوە لە نموونە هەڵبژێرداوەکان، کۆمەڵێک کارەکتەری پێوەست بە تایپۆمۆرفۆلۆژیای خانووەکانی ئاشکرا کرد کە پێوەستن بە نەخشەی خانووەکان و فەزایەکانی ناوەوەیان. لێرەدا باس لەم کارەکتەرانە دەکەین و دەیانبەستینەوە بە سەردەمە جیاجیاکانی ئەم باسە:
- پێوەندیی نێوان خانوو و شەقام: دوو جۆر لە پێوەندیی نێوان خانوو و شەقام لە نموونەکاندا تێبینی کران. لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) هەموو خانووەکان پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ شەقام. لەدوای ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەم، کۆمەڵێک یاسا و ڕێنماییی نوێی بینا لە عێراق دەرچوون، تێیدا گۆڕانێکی گەورە لە شێوە و شێوازی دابەشبوونی زەوییەکانی نیشتەجێبوون ڕووی دا بە ڕەچاوکردنی گۆڕان لە شێوازی ژیان و فاکتەرە سۆسیۆکولتوورییەکان. بۆیە دەبینین لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٣٠-١٩٥٩) و سەردەمەکانی دواتر، پێوەندییەکی نوێ لەنێوان خانوو و شەقامەکان دروست بوو کە بریتییە لە پەیدابوونی هەردوو فەزای گەراج و باخچە، واتا پێوەندیی نێوان خانوو و شەقام بووەتە پێوەندییەکی ناڕاستەوخۆ.
- ئاستی خانوو بەگوێرەی ئاستی شەقام: لێرەدا تێبینی دەکرێت کە ئاستی خانوو لە هەمان ئاستی شەقامدایە لە هەموو سەردەمەکاندا. تەنیا لە سەردەمی (١٩٩٠-٢٠٢٠) تایپێکی نوێ هاتە کایەوە کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی نهۆمی سەرەکیی خانوو و دروستکردنی نهۆمێک لە شێوەی نیو-ژێرزەمین بۆ گەراج و چەند فەزایەکی تر.
- پێوەندیی نێوان فەزایەکانی ناوەوە و دەرەوەی خانوو: لەدوای ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەم، سیستەمی حەوشەی پێشەوە و حەوشەی پشتەوەی خانوو پەیدا بوو. لێرەدا پێوەندییەکە لە شێوەی (دەرەوە-ناوەوە-دەرەوە) بوو. پێوەندییەکی تر لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) بەدی دەکرێت کە بریتییە لە (دەرەوە-دەرەوە-ناوەوە)، واتە لە فەزای دەرەوەی شەقام دەچینە فەزای دەرەوەی حەوشەی ناوەڕاست، دواتر بۆ فەزایەکانی ناوەوەی خانوو. لە خانووە نوێیەکان واتە لە سەردەمی (١٩٣٠-١٩٥٩) و دواتر، پێوەندییەکە بووە (دەرەوە-ناوەوە)، لێرەدا فەزایەکانی ناوەوەی خانوو بەیەکەوە لکاون و کۆمەڵێک حەوشەی بچووک بەکار دێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی هەوا و دەستکەوتنی ڕووناکیی سروشتی.
- کرانەوەی فەزایەکان: دوو تایپ لە خانووەکان بەدی دەکرێن. تایپی یەکەم لە خانووە حەوشەدارەکان دەبینرێت، کە فەزایەکانی خانوو داخراون بەرەو دەرەوە و بەرەو حەوشەی ناوەوە دەکرێنەوە. تایپی دووەم لە خانووە نوێیەکان بەدی دەکرێت، کە بریتییە لە کرانەوەی فەزایەکانی ناوەوەی خانوو بەرەو دەرەوە بۆ مەبەستی ڕووناکی و بینینی دەرەوە. وێنەی (١)
وێنەی (١)
کرانەوەی فەزایەکان بەرەو ناوەوە و دەرەوە:
- شوێنی خانوو لەناو زەویی تەرخانکراو: نموونەکان (١١) تایپی جۆراوجۆریان تێدا دەبینرێت سەبارەت بە شوێنی خانوو لەناو زەویی تەرخانکراو. بەگشتی لە خانووی حەوشەدار تێبینی دەکرێت کە خانووەکە هەموو ڕووبەری زەوییەکەی داگیر کردووە؛ بەڵام لە خانووی نوێ کە فەزایەکانی باخچە و گەراجی تێدایە، ئەوا جگە لە خانوو ڕووبەری بەتاڵی تریش لەناو زەویی تەرخانکراو دەبینرێت. تایپە جۆراوجۆرەکانی شوێنی خانوو لەناو زەویی تەرخانکراو بریتین لە: وێنەی (٢)
· خانوو لە سێ لاوە بە فەزای کراوە دەورە دراوە.
· خانوو لە دوو لاوە بە فەزای کراوە دەورە دراوە.
· خانوو کە حەوشەی پێشەوە و پشتەوەی هەیە.
· خانوو لە هەموو لایەکانەوە بە فەزای کراوە دەورە دراوە.
· حەوشەیەکی کراوە لە ناوەڕاست کە لە هەموو لایەکەوە بە فەزایەکانی خانوو دەورە دراوە.
· حەوشەیەکی کراوە کە لە سێ لاوە بە فەزایەکانی خانوو دەورە دراوە و دەکەوێتە بەشی پشتەوەی خانوو.
· حەوشەیەکی کراوە کە لە سێ لاوە بە فەزایەکانی خانوو دەورە دراوە و دەکەوێتە بەشی پێشەوەی خانوو.
· حەوشەیەکی کراوە کە لە دوو لاوە بە فەزایەکانی خانوو دەورە دراوە و دەکەوێتە سووچێکی خانوو.
· حەوشەیەکی کراوە کە بەشی پێشەوە و پشتەوەی خانوو لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
· بەشێکی زۆر لە ڕووبەری کراوە لەگەڵ چەند فەزایەکی خانوو کە پەرشوبڵاو بوونەتەوە.
· بەشێکی زۆر لە فەزای خانوو لەگەڵ چەند فەزایەکی کراوەی پەرشوبڵاو.
وێنەی (٢) شوێنی خانوو لەناو زەویی تەرخانکراو:
- شێوەی نەخشەی خانوو: لە نموونەکاندا دوو جۆر شێوەی نەخشەی خانوو بەدی دەکرێت، لە یەکەمیاندا خانووەکان شێوەیەکی ناڕێکیان هەیە، ئەمەیش پتر لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) دەبینرێت لەبەر ئەوەی نەخشەی گەڕەکە کۆنەکان شێوەیەکی ناڕێکیان هەیە و کووچە و کۆڵانەکانی پێچاوپێچن. لە سەردەمەکانی تردا تێبینی دەکرێت کە خانووەکان پتر شێوەیەکی ئەندازەییی ڕێکیان هەیە.
- ڕێژەی ڕووبەری خانوو بۆ ڕووبەری کراوە: لێرەدا دوو تایپ بەرچاو دەکەوێت، لە یەکەمیاندا ڕووبەی خانوو گەورەترە لە ڕووبەری کراوە، ئەمە زیاتر لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) بەدی دەکرێت، بەڵام لە سەردەمەکانی (١٩٣٠-١٩٥٩) و (١٩٦٠-١٩٨٩) ڕووبەری کراوە زیاترە لە ڕووبەری خانوو، ئەمەیش بەهۆی گەورەییی ڕووبەری زەویی تەرخانکراو بۆ خانوو.
- ژمارەی دەروازەکانی چوونەنێو خانوو: لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩)، خانووەکان تەنیا یەک دەروازەی چوونەژوورەوەیان هەیە کە شەقام بە حەوشەی ناو خانوو دەبەستێتەوە. بەڵام لە خانووی سەردەمەکانی تردا چەند دەروازەیەک هەن کە فەزایەکانی دەرەوە بە فەزا جیاوازەکانی ناوەوە دەبەستنەوە وەک ناندین٢ و دیوەخان٣ و ژووری دانیشتن.
- تایپەکانی جووڵە: دوو تایپ لە جووڵە لە نموونەی خانووەکاندا بەدی دەکرێن. یەکەمیان جووڵەی ئەستێرەیییە کە بریتییە لە جووڵە لە فەزایەکی ناوەندی بەرەو فەزایەکانی تر. ئەمە لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) دەبینرێت کە حەوشەی خانوو ڕۆڵی فەزای ناوەڕاست دەبینێت. جووڵەی پەلهاوێژ —کە لە شێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکەیە— لێرەدا هەموو فەزایەکانی خانوو بە ئاراستەی جیاوازی جووڵە بە فەزایەکانی تر دەبەسترێنەوە. وێنەی (٣)
وێنەی (٣) تایپەکانی جووڵە لەناو خانوو
- فەزایەکانی خانوو: لە نموونەی خانووەکاندا فەزای جۆراوجۆر بەدی دەکرێن کە جیاوازن بەپێی سەردەمەکان بەهۆی گۆڕان لە شێوازی ژیان و پێداویستییەکانی مرۆڤ و تایبەتمەندی و فاکتەرە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. فەزایەکانی خانوو لە خوارەوەدا دەخەینە ڕوو:
· دیوەخان: وەک فەزایەک بۆ پێشوازی لە میوان بەکار دێت، لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) نابینرێت، بەڵام لە نموونەکانی تردا هەیە.
· ناندین: ئەم فەزایە بۆ ئامادەکردنی خواردن، و لە هەندێ کولتووردا بۆ دانیشتنیش بەکار دێت و لە نموونەی خانوو لە هەموو سەردەمەکاندا بەدی دەکرێت.
· ناندینی گەرم٤: فەزایەکی تا ڕادەیەک بچووکە و بە فەزای ناندینی سەرەکییەوە لکاوە. ئەم فەزایە بۆ ئامادەکردنی خواردن بەکار دێت، و لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٩٠-٢٠٢٠) دەبینرێت.
· ژووری دانیشتن: وەک فەزایەکی سەربەخۆ بۆ کۆبوونەوەی ئەندامانی خێزان، لە نموونەی خانوو لە هەموو سەردەمەکاندا تێبینی دەکرێت.
· ژووری نووستن: ژمارەی ئەم ژوورانە لە خانوودا بەستراوەتەوە بە ژمارەی ئەندامانی خێزان و ڕەگەزەکان. ئەم فەزایە لە خانووی گشت سەردەمەکاندا بەدی دەکرێت و بە زۆری دەکەوێتە بەشی پشتەوەی خانوو لەبەر تایبەتمەندییەکەی.
· گەرماو و پێشاو٥: ئەم فەزایانە کە تەواو تایبەتمەندن هەندێک جار لە یەکتر جودان و لە هەندێک نموونەیشدا لەناو یەک فەزان. لە خانووی هەموو سەردەمەکاندا هەن و بە زۆری دەکەونە بەشی پشتەوەی خانوو.
· فەزای حەوشە: بریتییە لە فەزای سەرەکیی خانوو و زۆربەی چالاکییەکانی ڕۆژانەی خێزان لەخۆ دەگرێت. ئەم حەوشەیە لە هەندێک نموونەی خانوو جۆرەها دار و ڕووبەری سەوزایی و نافوورەی ئاوی تێدایە. بە زۆری لە نموونەی خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) دەبینرێت، بەڵام لە سەردەمەکانی تریشدا بە کەمی دەبینرێن.
· ژووری نانخواردن: بریتییە لە فەزایەکی سەربەخۆ کە بە زۆری بۆ میوان بەکار دێت و بە ژووری میوانەوە لکاوە. ئەم فەزایە پتر لە نموونەکانی سەردەمی (١٩٣٠-١٩٥٩) بەدی دەکرێت.
· فەزای گەراج و باخچە: جگە لە نموونەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩)، لە نموونەکانی هەموو سەردەمەکانی تر دەبینرێن.
· فەزای فرەوەزیفە: لە خانووە کۆنەکان بەتایبەتی لە سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩)، فەزایەکانی ناو خانوو وەزیفەیەکی دیاریکراویان نییە، بەڵکوو هەر فەزایەک بۆ چەند وەزیفەیەک بەکار دێت. بۆ نموونە فەزایەک کە بە ڕۆژ بۆ دانیشتن بەکار دێت لە شەودا دەبێتە ژووری نووستن. ئەم جۆرە فەزایانە لە نموونەی سەردەمەکانی تردا بە کەمی دەبینرێن.
- فەزایە زاڵەکان: ئەم فەزایانە ڕووبەریان لە فەزایەکانی تری خانوو گەورەترە و بایەخێکی تایبەتیان پێ دراوە. لە نموونەی خانووەکاندا ژمارەیەک فەزای زاڵ بەدی دەکرێن بەگوێرەی سەردەمە جیاوازەکان، لەوانە: ناندین؛ ژووری دانیشتن؛ هۆڵی ناوەوە؛ ژووری نووستن؛ حەوشەی خانوو و ژوورە فرەوەزیفەکان.
- ئەو فەزایانەی دەکەونە ڕووی پێشەوەی خانوو: لە نموونەی خانووەکاندا کۆمەڵێک فەزا هەن کە دەکەونە ڕووی پێشەوەی خانوو بەپێی سەردەمە جیاوازەکان. بوونی فەزا لە ڕووی پێشەوەی خانوو پێوەستە بە ڕادەی بینینی فەزاکە و تایبەتمەندییەکەی.
- شێوەی پەنجەرە لە نەخشەی خانوو: لە نموونەی خانووەکاندا گەلێک شێوەی پەنجەرە لە نەخشەکاندا بەدی دەکرێن. وەک شێوەی ڕاست و گۆشەی وەستاو و گۆشەی لار و شێوەی کەوانە. بوونی شێوەی جیاوازی پەنجەرە پێوەستە بە ئاراستەی بینینی فەزایەکانی ناوەوەی خانوو و لایەنی جوانکاری.
- ڕێژەی دیوار بۆ پەنجەرە لە فەزایەکانی خانوو: لێرەدا دوو تایپ لە نموونەکاندا دەبینرێت، لە یەکەمیاندا ڕێژەی دیوار زیاترە لە ڕێژەی پەنجەرە و لە دووەمیاندا پێچەوانەیە. ئەمەیش جیاوازە بەپێی سەردەمەکان.
- شوێنی دەروازە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو: لێرەدا دوو تایپ لە نموونەی خانووەکان بەدی دەکرێن، لە یەکەمیاندا دەروازە دەکەوێتە ناوەڕاستی خانوو و لە دووەمیاندا دەروازە دەکەوێتە لایەکی ڕووی دەرەوەی خانوو. ئەمەی دوایی پتر لە خانووەکانی سەردەمی (١٩٠٠-١٩٢٩) دەبینرێت بۆ ئەوەی کەسی پیادە لە شەقام لە کاتی کرانەوەی دەرگای سەرەکیی خانوو، فەزایەکانی ناو خانوو نەبینێت. وێنەی (٤)
وێنە (٤) شوێنی دەروازە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو:
- شێوەی دەروازە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو: لە نموونەی خانووەکاندا سێ تایپ لە شێوەی دەروازە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو بەدی دەکرێت. یەکەمیان بریتییە لە شێوەی ئاسۆییی دەروازە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو؛ دووەمیان شێوەی ستوونییە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو؛ سێیەمیشیان شێوەی لارە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو. وێنەی (٥)
وێنەی (٥) شێوەی دەروازە بەگوێرەی ڕووی دەرەوەی خانوو:
دەرەنجام
بەپێی ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە نموونەی ١٤٠ خانووی لە شاری هەولێر لە سەردەمی نێوان (١٩٠٠-٢٠٢٠) لەخۆ گرتووە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە ڕووی تایپۆمۆرفۆلۆژیای نەخشەی خانووەکان جیاوازی لەنێوان سەردەمەکاندا بەدی دەکرێت. هەندێک لە ئەدگارە تایپۆمۆرفۆلۆژییەکان لە سەردەمی جیاوازدا سەریان هەڵداوە و هەندێکی تریشیان پشتاوپشت بە سەردەمە جیاوازەکاندا شۆڕ بوونەتەوە. ئەم ئەدگارانە شوناسی فیزیکیی نەخشەی خانوو لە سەردەمە جیاوازەکان پێشان دەدەن.
د. بنیاد خەزنەدار، بەشی تەلارسازی، کۆلێژی ئەندازیاری، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر.
- Data” -١
٢- مووبەق، مەتبەخ، ئاشپەزخانە، جێگەی چێشتلێنان
٣- ژووری میوانان، دیوان، کۆچک
“4- Hot kitchen”
٥- سەراو، ئەدەبخانە، ئاودەست، ئاودەستخانە
Comments