top of page

نکۆڵیلێکردن"ێکی تەلارسازانە  " بەرهەمهێنانی بیڕۆکە لە نێوان هۆشداری و لاساری"دا

Updated: Mar 27


نکۆڵیکردن چییە؟

بیری "تازە" چییە؟

نکۆڵیکردنێکی تەلارسازی چییە؟

چۆن تەلارساز دەتوانێت نکۆڵی بکات؟

بەرهەمەکانی نکۆڵیکردنی تەلارسازی  چین؟

 

نکۆڵیکردن، هەندێكجار بنەڕەتێکی کێشە، هەندێکجار بنەڕەتێکی زنجیرە گۆڕانکارییەکان دەهێنێتە ئاراوە.  وەک تاک، کە "نکۆڵی" لە شتەک دەکەیت، یان ئەوەتە واقعێکی هەڵە ئاسمانی ژیانی تەیکردووە، یان کۆمەڵگایەک، لە ئەنجامی بێهۆشداری واقعێکی ڕاستییان   بە ناڕەوا پێناسەکردووە. ئەوەی ئەمڕۆ باسی لێوەدەکەم جیاوازتر لەو واقعانەی سەرەوەیە... ئەوەی باسی لێوەدەکەم واقعێکی تاکی تەلارسازییە، لە نکۆڵیلێکردنێکی هۆشدارانە بۆ بەرهەمەکانی بیری تاکی تەلارسازان لە جیهانی تەلارسازییدا.

نکۆڵیکردن لە تەلارسازی لە سەرەتای هەنگاوەکانی دیزاین لەڕووی ( فەزا، کارایی،ئەستاتیکا و دەستنیشانکردنی کۆمەڵە پرس و دیاریکردنی چارەسەرێکی نوێی تەلارسازی بۆ  فەزایەکی دیاریکراو) دێتە ئاراوە، بە شێوەیەک تەلارساز دووبارە پێناسەکردنێکی نوێ بۆ ئەو فەزایە پێشکەشدەکات، کە لە ڕابردووش هەر ئەو فەزایە هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بە بیرۆکەیەکی نوێ و وازهێنان لە بیرۆکەی تەلارسازانی هاوسەردەم یان سەردەمی پێش خۆی، تەلارسازییەک پێشکەش دەکات کە نکۆڵیلێکردنێکی فکری لە کارەکەیدا دەخوێنرێتەوە، بۆ بەرهەمهێنانی فەزایەکی تەلارسازی نموونەیی.

بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەیە: ( کێ نکۆڵی دەکات؟)

نامەوێ باس لە مێژووی بیردکردنەوە لە "تەلارسازی" بکەم؛ هەڵبەتا شارەزایان دەزانن کە کاری پارچە نووسینێک نییە، بەڵکو چەندین کتێب و گفتوگۆی زۆر قوڵی پێویستە. بەڵام دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە، کە" بیری تازەیە لە تەلارسازی" دا.

لە مێژووی هەر وڵاتێک و ئیمپڕاتۆرییەتێکدا دەتوانم بڵێم- گەر هەمووش نەبێت بەشێکیان- دەتوانین بابەتی بیری تازە لە تەلارسازی بدۆزینەوە. بەڵام دەپرسم: ( لە کوردستان بیری تازە لە تەلارسازییدا بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ بۆ چ سەردەمێک؟ یان با پرسیارەکە وردتر بکەمەوە

ئایا بیری تازە لە تەلارسازیی کوردی یان بە گشتی لە تەلارسازیی هەرێمی کوردستاندا بوونی  هەبووە؟)  وەڵامەکە ڕوونە...بۆ ئەوەی تاکی تەلارساز بەر لەوەی بیری تازە بەرهەمبهێنێت پێویستە  هەندێک تایبەتمەندی لە خودی خۆی فەرەهام بکات:

١-                   هەستکردن بەوەی کە "تاک"ە:  –  بەپێی زانیارییەکانی خۆم بۆ یەکەمجارمەسعود موحەممەد   لە کتێبی- مرۆڤ و دەورووبەر-  باس لە ڕۆڵی "تاک" دەکات لە نێو کۆمەڵگای کوردی. بەر لە مەسعود موحەممەد لە ڕووی مێژووی "فکری " کوردی،  باس لە ڕۆڵی توێژ کراوە. بێگومان جیهانی دەورووبەری خۆشمان هەر بەم شێوازە بووە- بە گشتی سەرەتا توێژ کاری لەسەر کراوە ئینجا تاک-بەڵام بێگومان لەڕووی کات، باسکردنی ئەم بابەتانە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازیی هەیە. بەڵام ئایا پرسی "بوون بە تاک" گەیشتۆتە نێو فکری تەلارسازیی کوردی؟

تاک هەر ئەو کەسە نییە کە کارتی نیشتیمانی کوردستانی لابێت، یان بڕوانامەیێکی هەبێت، نا  بابەتەکە زۆر وردترە...

پێناسەکردنی "تاک" ڕەنگە کاری من نەبێت، بەڵام پێناسەیەکی زۆر سادەی پێشکەش بە خوێنەران دەکەم:

تاک ئەو کەسەیە کە واقعی "بوونی خۆی"،  خۆی بڕیار دەدات، بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک  بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی، بە شێوەیەک بیروبۆچوونی جیاوازپێشکەش دەکات، بەراوردی کەسێکی دیکە( بۆ نموونە هاوپیشەی خۆی) و ئەم بیروبۆچوونانە بناغەی ژیانێکی نوێ یان سیستەمێکی نوێ پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکات، یان ڕەنگە ببێتە هۆی شکاندنی سیستەمێکی باو، بە زۆریش کۆمەڵگا ئامادەی ئەم جۆرە بیرکردنەوە و کەسایەتییانە نییە....

٢-                   نوێگەری: نوێگەری لە فکری تەلارسازییدا کارێکی پێویستییە- من وای دەبینم- بە بیرێکی کۆن ئەنجامدانی کارێکی تازە، کارێکی لۆژیکی نییە. پێویستە لەو واقعە بگەین، کە پێویستییەکانی ژیان لە گۆڕاندایە، تەلارسازیش کە پەیوەستە بە تەواوی ژیانەوە، پێویستی بەم گۆڕانانە دەبێت.

٣-                   داهێنان: بەپێی بیروبۆچوونەکانی تەلارساز حەسەن فەتحی : ( "نوێ" شتێک نییە کە بتوانێت بەرهەم بهێنرێت)چونکە لە توانایدا نییە هەموو ئەو قاڵبانە بشکێنێت کە زەمینەیەکن لە زانیاری و باوەڕ دەربارەی کۆن. هەروەها " نوێ" لە نەبوونەوە بەرهەمنایێت بەڵکو نوێ لقە ڕووبارێکە، بناغەیەکەی دەبەسترێتەوە زەریایێک کە ناوی "کۆن" ە . بە خوێندنەوەی کاری کۆن و هەڵسەنگاندنیان بە بیری ئێستا، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانە پێویستییەکان هاوشان لەگەڵ بیری داهێنەرانە، ڕەنگە بتوانرێت بگەینە ئەو ئاستەی کە پێی بڵێین" داهێنان".

دوای تێگەیشتنمان لە بابەتی (کێ نکۆڵی دەکات؟)، دەتوانین جەخت لەسەر "بەرهەمەکانی نکۆڵیکردنێکی تەلارسازانە" بکەینەوە

 

 

لێرەدا باس لە چەند بەرهەمێکی نکۆڵیکردن دەکەم:

 

نکۆڵیکردنێکی تەلارسازانە بۆ پێناسەکردنێکی -بۆشایی ، فەزا- لە تەلارسازیدا لە لایەن ئەندازیاری تەلارسازیmies van der rohe لە پڕۆژەی Farnsworth House, 1951 .

 



لای ئێمە فەزا- بۆشایی لە تەلارسازییدا زۆر بەسادەیی: دابەشکردنێکی هۆشدارانەی فەزایەکی هەندەسییە بۆ پارچە پارچەی جیاواز بەپێی پێداویستییەکانی پڕۆژەیەک، کە بەهۆی چەند فاکتەرەکی سەرەکی ئەنجامدەدرێ. ئەندازیاری تەلارساز  میس ڤاندێرۆ لە پڕۆژەی ناوبراو، لەلای هەندێک کەس "لاساری" لەلای هەندێکی تر داهێنانێکی نوێی فکری، کردووە. خۆی لە بنەڕەتدا لاسارییەکی هۆشدارانە، بە هەنگاوێکی گرنگی گۆڕانکاری لە قەڵەم دەدرێ، بە مەرجێک تۆ بزانیت، ئەوەی دەیکەیت لاسارییە، نەک لاسارییەک بکرێت بەبێ ئەوەی بزانی لاسارییە!  ئەوەی میس لەم پڕۆژەیە کردوویەتی، نکۆڵیلێکردنێکی تەواوی هەموو ئەو بیر و بیرکردنەوانەی پێشەخۆیەتی ، کە تەلارسازان کردوویانە، چونکە لەم پڕۆژەیەی میس،  فەزا یان بۆشایی، بەیەک پارچەی گەورە لە قەڵەمداوە، کە وەک یەک جەستە کاردەکەن، واتە میس لە هەوڵی داوە لە قەوارەیەی تەلارسازییە ئاساییەکان دەربچێت  و سیستەمێکی نوێی فکری پێشکەش بە جیهانی تەلارسازی بکات. شایەنی باسە، کە لەم پڕۆژەیەی میس، هیچ  تایبەتمەندییەتی فەزا نادۆزیتەوە- جگە لە حەمام و توالێت-بەڵام گەر سەیری پڕۆژەکانی هاوسەردەمی فارنسوۆرس بکەین، دەبینین خانووەکانی تر زیاتر گرنگییان بە تایبەتمەندییەتی فەزاداوە- (جیاکردنەوەی شوێنەکان:  هۆڵ و شوێنی نانخواردن و شوێنی خەوتن...هتد ) و زیاتر ئاماژە بە مێژوویەک دەکەن جا لە ڕێگای بەکارهێنانی ئێڵمێنتێکی تابەتی ستایلێک یاخود لە ڕێگای دیزاینی ڕووکارەکانیانەوە.. بەڵام ئەوەی میس نە ئاماژەیە بۆ مێژوو نە دووبارە زیندووکردنەوەی بیرێکی مێژووییە. لە ماڵی فارنسوۆرس هەموو پڕۆژەکە بە جامێکی دووبارە بووەوە دەورەدراوە،  و یەکبوونی خۆی لەگەڵ ژینگەی دەورووبەر بۆ دانیشتوانی دووپاتدەکاتەوە کە زۆر بە ئاسانی گۆڕانی کەش و هەواو ژینگەیی ڕەنگدەداتەوە، ڕێژەیەکی لەبەرچاوی گرنگی ڕووناکی سروشتی خزمەت بە پڕۆژەکە دەکات، کە کاریگەری ڕاستەخۆی ئەرێنی  لەگەڵ سایکۆلۆجی تاکی دەکات، و هەنگاوێکی گرنگ دەهاوێژێ بۆ نزیکبوونەوە لە تێرمێکی گرنگی تەلارسازی ، کە تەلارسازییەکی تەندروستە- Health Design .

شایەنی باسە، هیچ  یەک لەم جامانە، وەک پەنجەرەیەکی ئاسایی کار ناکەن، چونکە هیچیان ناکرێنەوە.هەروەها  هەوڵی داوە فەزاکان زیاتر بەیەکەوە ببەستێتەوە گەر وردببینەوە لە دیزاینیەکە دەبینین ڕووکارێکی کامڵ جام  و لە ناوەوەش  هەوڵدراوە فەزایەکی فرەوان پێشکەش بە بەکارهێنەران بکات لە ژێر کاریگەری زینی ژاپۆنی – لە کتێبی ستایلەکانی تەلارسازی – موستەفا نەوزاد کاکۆ دەتوانن زیاتر ورد ببنەوە -و  تەنها بە چەند دیوارێکی جیاکەرەوە  - پاڕتیشن وۆڵ- تەنها فەزا زۆر تایبەتییەکانی جیاکردۆتەوە.   ئایا  میس هەڵەی کردووە؟! یان پێناسەیەکی تری فەزا- بۆشایی بۆ تەلارسازی زیادکردووە؟!. ئایا میس نەیتوانیوە  وەک تەلارسازێک تایبەتمەندییەتی ببەخشێتە فەزاکان؟ یان  میس نەیتوانیوە وەک تەلارسازێک کار بکات؟( چونکە فەزایەکانی جیا نەکردۆتەوە و هەموو لە پاڵ یەکن؟)  ئەوەی میس کردوویەتی، پێناسەیەکی تری تەلارسازی "شوێنە-فەزا" یە  بە نکۆڵیکردن لە فکرەی دووبارەبووەوەی تایبەتمەندییەتی توندی فەزا جیاوازەکان لە زۆربەی  پڕۆژەکانی تەلارسازانی تر.  ئەوەی میس کردوویەتی نوێگەرییەکە لە تێگەیشتن لە فەزا و بەکارهێنانی ئەو فەزایە لەلایەن بەکارهێنەران. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە:  ( ئایا ئەوەی میس کردوویەتی لە هەموو شوێنێک  دەتوانرێت هاوفکری ئەو یان هاوشێوەی ئەو دروستبکرێت؟) لەو باوەڕەم ئەمە بابەتێکی ڕێژەییە، چونکە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا  کە پڕۆژەکە ئەنجامدراوە، بە پێی کولتور و تێگەیشتن و سەقافەتی تاکی ئەوکۆمەڵگایە، ڕەنگە گونجاو بێت، بەڵام  بۆ نموونە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە ئەنجامدانی ئەم فکرەیە  ئەستەم بێت، چونکە ڕۆژهەڵات زۆر زیاتر گرنگی دەدەن بە تایبەتمەندییەتی دابەشکردنی فەزایەکان، و پاراستنی خێزان لە چوارچێوەیێکی ئازادی تایبەتی خۆی.

 

 

نموونەیەکی تر

لەلایەن ئەندازیاری تەلارساز: هان تومێرتێکینSM House



ئەم پڕۆژەیە، خانوویەکی بچووکی  نیشتەجێبوونە  بە ڕووبەری نزیک ١٥٠م٢  لە تورکیا لە ناوچەی  ئایڤەڵک دیزاینکراوە. یەکێک لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی ئەم خانووە جیادەکاتەوە لە خانووە ئاساییەکان، ئەوەیە کە یاری بە چاوی بینەر دەکات.

بە بۆچوونی ئێوە ئەو خانووەی ژمارە ()  لەڕووی ستڕاکچەرەوە بە چ سیستەمێک ڕاگیراوە؟ ڕەنگە زۆربەتان بڵێن ئەم خانووە بە بەرد دروستکراوە ( واتە بەردەکە لێرەدا ڕۆڵی  بارهەڵگری دەبینێت) بەڵام لە ڕاستیدا وانییە! بەڵکو لێرەدا ئەوەی –  وا دیارە کە بارهەڵگرە، لە ڕاستییدا هەلدەگیرێ!) واتە لێرەدا بەردەکە لە ڕێگای سیستەمێکی ستڕاکچەری ستیڵەوە لە باوەش دەگیرێ. لای زۆربەمان  ڕوونە لە  زۆربەی پڕۆژەکان بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان تەنانەت لە وڵاتانی تریش، بەرد لە زۆربەی ناوچەکان وەک سیستەمێکی بارهەڵگر و بناغەی سەرەکی بونیاتنان کاریپێکراوە، بەڵام لەم پڕۆژەیەدا تەلارساز هاتووە خۆی لەم  لاساییکردنەوەیەی مێژوو پاراستووە، و پێناسەیەکی تری پێشکەشکردووە. شایەنی باسە بەکارهێنانی بەرد لە پڕۆژەکان هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی خاوەن تایبەتمەندی دیاریکراو پێشکەش بە بەکارهێنەرانی بکات( ناوچەکە لە ژینگەی دەورووبەر جیابکاتەوە و پەیوەندیی لەگەڵ دەورووبەر بپچڕێنێ) بەڵام لێرەدا هان توانیویەتی سەقفی بیناکە -کە بە بەرد ڕووپۆشکراوە- بە دروستکردنی بۆشایی بچووک بچووک لە نێوان بەردەکان، ڕووناکی توانای هاتنەژوورەوە بۆ نێو فەزاکان بەدەستدەهێنێت و بەردێکی ڕەق وەک پەنجەرەیەک کاردەکات! کە ئەمەس دووبارە نکۆڵیکردنێکە بۆ کارە ئەنجامدراوەکانی ڕابردوو، کە بەرد لە بەردبوونی خۆی دەرچووە، و تایبەتمەندیتری دراوەتەپاڵ...

 

نموونەیەکی تر بریتییە لە ڤێلا ساڤۆیێی لی کۆربوسێر




 

ڤیلا ساڤۆیێ یەکێکە  لە بەرهەمە تەلارسازییە هەرە دیارەکانی سەردەمی مۆردێرنیزم لە وڵاتی فەڕەنسا، تا ئێستاش لە سەرانسەری جیهان بە تایبەت سەردانکەران  دەچن بۆ بینینی بەرهەمە فکرییەکەی لی کۆربۆسێر. ساڤۆیێ  لەسەر پێنچ بنەما بنەرەتییەکی لی کۆربوسێر دامەزراوە، کە نکۆڵیکردنێکە دژی لاسایکردنەوەی سیستەمە کۆنە بەکارهاتووەکان لە خانووەکاندا کە بریتیی بوون لە دروستکردنی فەزاکان  لەسەر یەکتر بەهۆی دیواری بارهەڵگرەوە بەبێ ئەوەی ئازادانە بتوانرێ پلانەکە بگۆڕین، بە پێی ویستی خۆمان بە گوێرەی گۆڕانی کات تایبەتمەندییەکی جیاوازتر پێشکەش بە فەزاکانمان بکەین. هەروەها  سوود وەرنەگرتن لە فەزاکان و دروستکردنی خانووی داخراو کە هاتنە ژوورەوەی ڕووناکی سروشت سنووردار دەکەن، بە گوێنەدان بە سایکۆلۆجیای تاکی نێو خانووەکان بەسبوو بۆ ئەوەی نکۆڵییەکی تەلارسازی بەرهەمبێت. ساڤۆیێ شێوە ژیانێکی نوێ پێشکەش بە مرۆڤ دەکات، بە پشت بەستن بە دەقە تیۆرییەکانی لی کۆربوسێر. یەکێک لە بنەماکان بریتییە لە  جیاکردنەوەی یان بەرزکردنەوەی بینا سروشت کە فەڕاغێکی گەورە لە خوارەوە خانووەکە دەتوانرێت بۆ چەندین مەبەستی دیکە بەکاربێت و بۆشاییەکی شایستەش پێشکەش بە جوولەی هەوا دەبەخشێت، و لە دوورەوەش  بەهۆی دەورووبەرییەوە بە شێوەیەک دەردەکەوێ، وەکئەوەی بیناکە لە فەزادا جووڵە دەکات. هەر ئەم بەرزکردنەوەیە واتە بەکارهێنانی ستوونە بارهەڵگرەکان، کە هۆکارێکە بۆ بەخشینی ئازادی لە نەخشە و دابەشکردنی فەزاکاندا؛ هاوشان لەگەڵ ئەمەشدا بنەمایەکمان پێشکەشدەکات بۆ بەکارهێنانی سەربانەکان لە نێو فەزایەکی تەندروست. بە گشتی سەربانەکان لە خانووەکان- بە تایبەتی ئەو خانووانەی سەقفەکانیان شێوە سێگۆشەیین- سوودێکی ئەوتۆیان پێشکەش بە بەکار‌هێنەر نەدەبەخشی، بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بنەماکانی لی کۆربوسێر، گرنگی دەدات بە سەربانێکی کراوەی فرەوان، کە تاک بتوانێت لە سەردەمی مۆدێرندا لە نێو ئەم گێژەلووکەی تەکنەلۆژیا بە سەیرکردنی ئاسمانەکان و ئەستێرەکان ببێتە خاوەن شانۆیەکی سروشتی . لەپاڵ ئەمەشدا ڕۆژانە، بەهۆی هەبوونی پەنجەرەی شریتی گەورە بە درێژایی ڕووکارەکان دەتوانرێت پێشوازییەکی تەواو لە ڕووناکی سروشتی بکرێت. گەر ورد ببینەوە لە وێنەی ژمارە() دەبینین لەم پڕۆژەیەدا ڕەمپ بەکارهاتووە، کەچی ڕەمپ لە ساڵانی پێشوو بە گشتی لە باڵەخانە گشتییەکانیش تا حەددێکی کەم بەکاردەهات، بەڵام ئەوەتا دەبینین لی کۆربوسێر بۆ بەیەکبەستنەوەی پارچەکانی  خانوویەکی دیاریکراو دوو ڕەمپی بەکار‌هێناوە، دانەیەکیان لە بەشی دەرەوە لە نهۆمی زەمینی تا نهۆمی باخچەی سەروو، دانەیەکیش لە بەشی ناوەوەی خانووەکەدا بۆ بەیەک بەستنەوەی بەشەکانی ناوەوە. ڕەمپ کاریگەرییەکی جووڵەی بەردەوامی دەبەخشێتە بەکارهێنەران، و بێگومان بەکارهێنانی ڕەمپ لەچاو بەکارهێنانی پلیکانە زۆر تەندروستترە و ماندووبوونی کەمترە، و دەتوانرێت لەلایەن فرە تەمەنەوە بەکاربهێنرێت،و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووداوی نەخوازراو

 

نکۆڵیکردن کلیلی دەرگا داخراوەکانی فکرمان پێشکەشدەکات بۆ ئەوەی نەکەوین بەدوای کۆپیکردنێکی نا تەلارسازانە. هەڵبەتا نکۆڵیکردنیش دەبێت لە ڕێگای شارەزاییەوە بکرێت..

ئەو نموونانەی سەرەوە، تەنها چەند نموونەیەکی دیاری نکۆڵیکردنی تەلارسازین.هیوام وایە خوێنەران هەوڵبدەن لەسەر نموونەی زیاتر برەو بە تێگەیشتنەکەیان بدەن.

 

 

بەردەوام دەبێ......

Taze dusunce- Ugur tanyeli

Towards Architecture – Lecorbusier

 

 

 

سەرنووسەری  گۆڤاری "خان"ی تەلارسازی

موستەفا ن. کاکۆ

Comments


bottom of page