top of page

وتاری سەرنووسەری گۆڤاری "خان"

Updated: Apr 4

بەر لە هەموو شتێک:

ئامانج و هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم گۆڤارە چییە؟




-بۆچی بە زمانی شیرینی کوردی دەنووسین ؟

 لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری نووسینە ئەندازیارییەکان و خوێندنەوەی بابەتەکان بە زمانی ئینگلیزین؟

لە کاتێکدا دەتوانم بڵێم لە ٪٩٩ی توێژەرە ئەندازیارییەکان بە زمانی ئینگلیزی توێژیینەوەکانیان بڵاودەکەنەوە و نایکەنە کوردی؟ 

-بۆچی ناوی "خان"؟ لە کاتێکدا لە زمانی کوردی زۆر ناوی ترمان هەیە، کە دەکرا بۆ خزمەتی گۆڤارەکەمان بەکاریان بهێنین...

 

 جەنابتان ئاگادارن، گۆڤاری "خان" ی ئەندازیاری گۆڤارێکی نوێی ناو کۆمەڵگای کوردەوارییە

جەخت لەسەر گەشەکردنی بیری ئەندازیاری و پرسەکانی پاراستنی شوناس و ڕێگایەکانی کاریگەربوونی وڵات بەگشتی و "شار" بەتایبەتی بەهۆی ئەندازیارییەوە دەخاتەکایەوە. ئەم گۆڤارە وەک " خان"ێک کاردەکات بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگی ئەو نوسەر و توێژەر و ئەندازیارانەی کە دەیانەوێت خزمەتی کۆمەڵگا بکەن، یەکێک لە مەبەستە گرنگەکانی ئەم گۆڤارە دروستکردنی پردێکە بۆ خوێندکارانی بەشە ئەندازیاییەکان لە نێوان خوێندنی ئەندازیاری لە زانکۆ و بازاڕی کاردا و نەهێشتنی ئەو سروودە بێ بنەمایەی، کە دەڵێن" ئەندازیاری پێویست بە خوێندنەوە ناکات، تەنها ئەنجام دەدرێ !" هەوێنی وروژاندنی کۆمەڵە بابەتێکی گرنگی ئەندازیاری بەگشتی و تەلارسازی بەتایبەتی لەم گۆڤارەدا دەبێتە وەچەرخانێکی گرنگ بۆ زۆرێک لە پرس و کاری ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان،  تێگەیشتنی کۆمەڵە پرسێک کە کێشە و پرسیاری زۆر گەورەن، بەڵام ونن لە کۆمەڵگای ئێمەدا. لە ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارەدا کۆمەڵە بابەتێکی گرنگ دەخەینە کایەوە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە کۆمەڵە "پرسی نوێی " ئەندازیاری و هەوڵی دیاریکردنی بەشێک لە کێشەکانی شار، شانبەشان لەگەڵ ئەمەشدا گەیاندنی پەیامی نوێی تەلارسازی و شارسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست! هەروەها هەندانە بۆ دروستکردنی بەرهەمێک، قوتابی زانکۆیەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی بەشە ئەندازیارییەکان بهێنرێتە نێو گۆڕەپانی گفتوگۆی زانستی. کە بەیانی یان دوو بەیانی دەبێتە مێژوویەک بۆ کتێبخانەی زمانی شیرینی کوردی کە کۆمەڵە بابەت و کێشە  و گرفتێک لەم گۆڤارە دەچێتە خزمەتی خوێنەری کورد و چارەسەرەکەش بەیەکەوە لەگەڵ خوێنەر و نووسەر بە هەماهەنگی یەکتر ، ئەنجامدەدرێ.  

 

وەک جەنابتان شایەتحاڵن کە  کتێبخانەی زمانی کوردی، نەک تەنها هەژارە لەڕووی خەزێنەی بەرهەمی ئەندازیاریی" تەلارسازی بە تایبەتی" بەڵکوو بەرهەمە ئەندازیارییەکان " تەلارسازی

" لە پەنجەی دەست تێناپەڕن.  نووسین، مێژووە، مێژوویەکی بەردەوامی نەمر خزمەتی نەوە یەک لەدواییەکهاتووەکان دەکات سەبارەت بە تێگەیشتنی تاک  لە واقعی نەتەوە  و کۆمەڵگای خۆی ، کە ئەمەش لە ئەنجامی تەلارسازییەوە بەرهەم دەهێنرێت. مێژووی کورد لەڕووی نووسینی بابەتە تەلارسازییەکان هەژارە، هەر ئەمەشە هۆکاری ونبوونی شوناس و نەناسینەوەی تەلارسازی کوردی، لە کاتێکدا لە وڵاتێکدا دەژین، سەروو بنمان، چەپ و ڕاستمان هەمووی مێژووە... .. مێژوویەکی تۆزلەسەرنیشتوو! مێژوویەک چاوەڕێی هەڵدانەوەی پێچەکەی سەرییەتی! مێژوویەک ، کە زۆر بەداخەوە کەس ئاوڕی لێنەداوەتەوە بەهۆکاری جەنگی بەردەوام لە دژی میللەتەکەمان یان کەمتەرخەمی و نەبوونی بەرپرسیاريیەتیمان بەرانبەر بە مێژووی خۆمان! ئێمە وەک ستافی گۆڤاری خان بە زمانی شیرینی کوردی ، لە هەوڵی دروستکردنەوەی مێژوویەک دەبین بۆ میللەتەکەمان " لە   ژمارەکانی داهاتووی گۆڤار زیاتر بۆتان ڕووندەبێتەوە ، ئایا مەبەستم چییە لە " دروستکردنەوەی مێژوو"  .

 هەروەها هەندانی توێژەرانی ئەندازیارییە بۆ ئەوەی بە زمانی شیرینی کوردیش توێژینەوەکەیان بڵاوبکەنەوە، کە زۆر لە خوێندکارانی ماستەر، هەروەها دکتۆر و پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خۆیان لەم بابەتە نەداوە، بە هۆکاری نەبوونی خوێنەر یان هەر شتیتر، کە ئەمەش وادەکات توێژینەوەکانیان بە ئاسانی نەکەوێتە بەر دیدەنی خوێنەری کورد. گەر توێژینەوەکەش بەر چاویان کەوتبێ، ڕەنگە ئەو ئینگلیزییە چاکەیان نەبێت بۆ خوێندنەوە

" ....

سەربارەت بە ناوی گۆڤارەکەمان: وشەی "خان" وشەیەکی ناوچەییە، ڕەنگە لە ناوچە جیاوازەکانی تەنانەت هەمان وڵات مانای جیاواز ببەخشێت. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەیەکی مێژوویی نەتەوەی کورد. "خان" شوێنی مانەوە وگفتوگۆکردن و  ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونی ئەو ڕێبوارانە بوو لە ڕێگای دووری ناوەوە یاخود دەرەوەی وڵات دەهاتن بۆ نێو شارە کوردییەکان و دەمانەوە،  هەر بۆیە ئەم گۆڤارە  وەک  "خان"ێک کاردەکات بۆ  کۆکردنەوەی دەنگی   نوسەر و توێژەرو ئەندازیارەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی لە ژێر یەک چەتر خزمەتی کۆمەڵگا بکەن.

 

        لە ناوەڕۆکی ژمارەی یەکەمی  گۆڤاری "خان" هەوڵمان داوە کۆمەڵە پرس و بابەتێک پێشکەش بە خوێنەران بکەین کە ڕەنگدانەوەی کێشەکان و هەوڵی دیاریکردنی چارەسەرەکان بێت بۆ کۆمەڵگا. ناوەڕۆکەکانمان بەشێوازەک داڕشتووە، تاوەکوو پاشخانێک بۆ خوێنەر دروستبکات. بۆ نموونە : وردبوونەوەمان لە شێوازی گۆڕانی شێوەی خانوو بەتایبەتی لە قەڵا دێرینەکەی شاری هەولێر، زۆرێک لە تۆزە نیشتووەکانی سەر مێژوو ڕادەماڵێ، کە ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی گۆڤارەکەمان و بابەتێکی سەرەکی گۆڤارەکەمانە. هەروەها یەکێک لە کێشە باوەکانی جیهانی ئەمڕۆ، کە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان دەناڵێنن بە دەستییەوە، هۆکاری  خەمۆکی و نەبوونی کۆمەڵگایەکی تەندروستە، کە ژینگەیەکی ئاسوودە و هێمنکەرەوە و تەندروست فەرەهامبکات بۆ تاکی کۆمەڵگا،  هەربۆیە یەکێک لە بابەتەکانی نێو ئەم ژمارەیە بابەتی " بنیادتنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست"ە. شایەتحاڵن کاری تەلارسازی لە سەرانسەری جیهان کارێکی یەکجار سەخت و پڕ کێشەیە. بێگومان هەرێمی کوردستان هەروەک وڵاتانی تر لەم کێشەیەی تەلارسازی بێبەش نییە. لە شەقامەکاندا جۆرە شێواوییەک بەرچاو دەکەوێ، کە بەهەڵەداچوونێک لە تێگەیشتی تەلارسازی لەنێو كۆمەڵگادا بوونی هەیە، ئەم بەهەڵەداچوونە لە ئەنجامی کەمخوێندنەوەی تاکی کۆمەڵگا بگرە کەم خوێندنەوەی ئەندازیارانە سەبارەت بە کارەکەی خۆیان، بۆیە  لە ئێستادا کێشەی بڕێک لە باڵەخانەکان گەیشتۆتە ئەو ئاستە، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان فۆڕمی تەلارسازی "خانوویەک" لەگەڵ باڵەخانەیەک کە خاوەن  کردار و پێداویستی جیاوازە،

نەماوە !

 ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە کە پێویستە ئاگاداری ببین، تا کار لە کار نەترازاوە. زۆرجار ڕووبەڕووی ئەم دۆخەبووینەتەوە، کە باڵەخانەیەکی کۆنی چۆڵکراو، ڕەنگە زۆر سەرنجڕاکێشتر دیاربێت بۆ کەسێک کە بە شەقامەکەدا تێپەڕدەبێت، گەرچی باڵەخانەیەکی نوێ تەواوکراو ڕەنگە ئەم جۆش و خڕۆشيیەمان پێنەبەخشێت. بۆچی بەشێک لە باڵەخانەکانمان وەک جاران نەماون؟ بۆچی وەک جاران ڕووبەڕووی بیرکردنەوەمان ناکەن؟ ئاخۆ تەلارسازی کارێکی ئەنجامدراوی بە بیرکردنەوە نییە؟ بۆ ئەم پرسە بابەتێکی گرنگ بەڕووی خوێنەراندا دەکەینەوە ، ئەویش بابەتی " لە تەلارسازییەوە بۆ هەیکەلسازی" یە

خوێنەرانی ئازیز؛ جیهان ئەمڕۆ ئەو جیهانەی دوێنێ و پێرێ نییە کە دایبامان بۆمانی باسدەکرد... جیهانێکی نوێ، تەکنەلۆژیاییەکی نوێ، تێگەیشتنێکی نوێ گەمارۆی جیهانی ئەمڕۆی داوە. تەلارسازی یەکەکە لەو کارانەی، کە ڕاستەخۆ پەیوەندییەکی تەواوی لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم هەیە. لە هەرێمی کوردستان چەندین کار و پڕۆژەی نوێ سەرهەڵدەدەن، کە ڕەنگە لە داهاتوو کۆمەڵە باڵەخانەیەکمان هەبێت، لە ئاستێکی زۆر بەرزی تەکنەلۆژیا بن و بە پشت بەستن بە لایەنی بە ئالگۆریتم و بەرنامەی کۆمپیوتەری، کە دەستکاری هاوکێشەکان بکرێ، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دیزاینێکی نوێی سەرسوڕهێنەر.  لەم ژمارەیەی گۆڤاردا بابەتێکی گرنگمان ئامادەکردووە لە ژێر ناونیشانی"تەلارسازيی پاڕامێتریسیزم" بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کەوا  تەلارسازی تەنها بابەتێک نییە پشت بە چەند ڕیزەدیوارێک ببەستێت، بەڵکوو تەلارسازی لە زۆر لە شوێنەکانی جیهان شکێنەری سنوورە باوەکانە..... ئەمانە و  چەندین بابەتی تر، دەتوانن لە لاپەڕەکانی داهاتووی گۆڤار خوێنەریان بن.

 

  

تەلارسازی بنیاتنەری سەقافەتی کۆمەڵگا و دروستکەری مێژوویەکە بۆ کۆمەڵگایەک، کە ڕەنگە سەدان بگرە هەزاران ساڵ شانازی بە تاک بە تاکی بەرهەمی بیری تاکەکانی خۆیەوە بکات و بیکات بە مێژوویەکی نەمر. هیوام وایە ئەم گۆڤارە ببێتە خاڵێکی وەچەرخانی گرنگ بۆ خزمەتی خاک و نیشتیمان و دروستکردنی سەقافەتێکی تێگەیشتن لە کاری تەلارسازی بۆ کۆمەڵگاکەمان، و دووبارە بنیاتنانەوەی "تەلارسازی"یەکی شایستە بۆ هەرێمەکەمان.

 

موستەفا نەوزاد کاکۆ- سەرنووسەری گۆڤاری "خان"ی تەلارسازی – بەهاری ٢٠٢٤ز

 

 

 

 

 
 
 

Comments


bottom of page