top of page

کاریگەریی نەخشەی فەزاییی شارەکان١ لەسەر بەهای زەوی بەرەنجام و چارەسەر 

نووسینی: د. هاوناز مەجید

 

 ئاشكرايه لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان هەندێک هەڵاوسان دروست دەبێت؛ بەتایبەتی لە دەوروبەری شار، کاریگەری لەسەر نەخشەی شار و ناوچەکە دروست دەکات. ئەمەیش چارەسەرکردنی قورسە و ئاستەنگ بۆ نەخشەدانانی فراوانبوونی داهاتووی شارەکە دروست دەکات؛ بەتایبەتی لە ڕووی تێکەڵبوون و جەنجاڵیی شەقامەکانەوە قەرەباڵغیی هاتوچۆ دروست دەبێت ئەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەهای زەوی هەیە کە یەکێکە لە گەورەترین کێشە هەنووکەیییەکان.

 تێگەیشتن لە پێوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان نەخشەی فەزاییی شارەکان و بەهای زەوی بۆ دیزاینی کاریگەرانەی شارەکان زۆر گرنگە. وێڕای گرنگییەکەی، گەڕانێکی گشتگیر لەم پێوەندییە لە ئەدەبیاتی هەنووکەییدا کەمە ­—دەتوانین بڵێین هەر نییە­—­  بۆشایییەکی گرنگ لە باشکردنی کاریگەرییەکانی نەخشەی فەزاییی شارەکان لەسەر بەهای زەوی دروست دەکات. توێژینەوەکانی ئەم دوایییە جەخت لەسەر گرنگیی هەڵسەنگاندنی وردی تێچووی بەکارهێنانی زەوی دەکەنەوە، بەتایبەتی بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون و بازرگانی، بۆ کاریگەریکردن لەسەر شێوازی فەزاییی شارەکان و وەبەرهێنانی خانووبەرە. بۆیە پێویستە نەخشەی شار ببەسترێتەوە بە پرۆگرامێک کە تەواوی پلانی شارەکە شی بکاتەوە و بەئاسانی بتوانێت جەنجاڵیی شەقامەکان و ئاڵۆزییەکان چارەسەر بکات.

بۆ ڕاست و دروستیی بابەتەکە توێژینەوەیەک وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ئايا شێوازى نەخشەی شەقامەکان و پانایییەکانیان کاریگەرییان هەیە لەسەر بەهای زەوی؟ چی بکرێت وەکوو دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیاوازیی بەهای زەوی لە ناوچە جیاوازەکانی شاردا؟ ئايا هیچ پرۆگرامێک هەیە ئێمە بتوانین پشتی پێ ببەستین بۆ چارەدۆزینەوەی کێشەکانی شێوەی نەخشی شەقام و کاریگەریی لەسەر بەهای زەوی؟

لێرەدا تیۆریی ڕستەسازیی فەزا٢ وەک گریمانەیەک بەکار دەهێنین —كە ئامرازێکی دیجیتاڵی ئاڵۆزه و نەخشەیەکی قووڵە٣— بەکار دەهێنرێت بۆ شیکردنەوە و دیزاینکردنی فەزای شارەكان. لەم شیکارییە داتای بەنرخ لەسەر ڕێکخستنی نەخشەی فەزاییی شارەکان بەدەست دەهێنرێت. ئەم ڕێبازە نێوەندێکی زانستيیە، دەتوانێت ئەنجامە گرنگەکان بەرهەم بهێنێت له ستراتیژی و سیاسەتە پێشینەیییەکانی پلاندانانی شارەکان ئاگادارت بکاتەوە. پشکنینی تۆڕەکانی شەقامی شارەکان و پێکهاتەی تایبەت ئاشکرا دەکات —کە یارمەتیدەرن لە دیاریکردنی بەها و نرخی زەوی— دوو بنەمای سەرەکیی تیۆریی ڕستەسازیی فەزا كە یەکگرتن٤ و پێوەندین٥ دەكرێت بنەمای هەڵسەنگاندنی بەها و نرخى زەوى پێشان بدەن لە نەخشەی شاراندا.

پێوەست بەم بابەتەوە باس لە شاری سلێمانی دەکەین لە ڕووی نەخشەی شارەکەوە و کاریگەریی شێوەی شەقامەکان لەسەر بەهای زەوی و شیکاركردنى شارەكه بە بەکارهێنانی پرۆگرامێک بە گریمانەکردنی پێوەندییەک لەنێوان نەخشەی فەزاییی شارەکه و نرخی زەوی، توێژینەوەکە شیکارییەکی وردی سێ کەیسی شارەکه لە سێ ڕەهەندی شیکاریدا ئەنجام دەدات کە تێیدا سەرنجی خستووەتە سەر تایبەتمەندییە ئەکسیاڵییەکانی شەقامەکانی شارەکه و هەڵسەنگاندنەکە. ڕێژەی یەکگرتن و پێوەندیکردن لەناو تۆڕی فەزاییی شارەکە و پاناییی شەقامەکانی لەخۆ گرتبوو، بە ئامانجی دیاریکردنی کاریگەرییەکانیان لەسەر نرخی خانووبەرە، بەتایبەتی لە دابەشکردنی بەکارهێنانی زەویی نیشتەجێبوون و بازرگانیدا.

سلێمانی، بە درێژاییی (١٧٠٢٣کم٢) بە کۆردینیاتی (٣٥ پلە باکوور) و (٤٥ پلە ڕۆژهەڵات) درێژ دەبێتەوە. پارێزگای شارەکە (٧٧٧٧.٦١کم٢)ـی داگیر کردووە و ژمارەی دانیشتووانی (١٧٨٣٢٧٠) کەسە. پلانی شارەکە تێکەڵەیەکی جوانکارییە لە توخمە كۆن و مۆدێرنەکان. ناوەندی سلێمانی نەخشەیەکی ناڕێک لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا ناوچە گەشەپێدراوە نوێیەکانی شار پێکهاتەدارترن. هەرچەندە بەهۆی تۆپۆگرافیای ناوخۆیییەوە هەندێک ناتەباییی هەیە، بەهۆی گەشەسەندنی شارەکەوە دیمەنی شار لە ڕووی ئابوورییەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، لە ئەنجامدا بەهای زەوییە هەمەچەشنەکان، لە بەرزەوە بۆ نزم لە ناوچە جیاوازەکاندا بەدی دەکرێت. فراوانبوونی شاری سلێمانی لە بیناسازییەکی بەرفراوانی بێکۆنترۆڵەوە سەرچاوە دەگرێت لە دەوروبەری شارەکە، بەتایبەتی بەرەو دامێنی شاخەکان. لە کاتێکدا بیناسازیی نوێ بە درێژاییی ڕێگا بازنەیییەکانی شارەکە پەرە دەستێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانبوونی زیاتری شەقامەکانی شارەکە لە ناوەوە و دەرەوەیدا.

 

وەک هەر شارێكی ديكە، لە شارى سلێمانيدا نرخی زەوی جۆربەجۆر دەبینرێت. ناوەندەکانی شار کە زۆر جار وەک ناوکی شارەکە سەیر دەکرێن، بە هۆکاری جۆربەجۆر چالاکییە بازرگانییەکان بۆ خۆیان ڕادەکێشن. ئەم ناوچانە پەرەیان سەندووە و بوونەتە ناوەندێکی دینامیکی و فرەلایەنە کە شوێنی نیشتەجێبوون، بزنسە بچووکەکان، شوێنی کاتبەسەربردن و شوێنی نانخواردنیان تێکەڵ کردووە، بەمەیش سەرنجی دانيشتووان و سەردانیکەران  بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ خۆى ڕادەکێشێت.

شارى سلێمانی بە شێوەیەکی سەرەکی بە هێڵە بازرگانییە درێژخایەنەکانیدا كێشراوە. نرخى زەوییەکانی بەپێی بنەمای نزیکییان لە شەقامە سەرەکییەکان دەستنيشان دەكرێت. زەوییەکانی نزیک شەقامە سەرەکییەکان نرخیان بەرزترە لەوانەی دوورترن. ناوچەی زەويیە نیشتەجێبوونەكان لە شارەكه، بەشێکی زۆرى بەستراوەتەوە بە تۆڕی شەقامی ناوەندی شارەوە. بۆیە نرخی ئەو زەوییانەی بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون تەرخان کراون بە نزیکی لەنێوان (٢٥٠-٤٥٠ دۆلار/م٢)ـیـە. لە كاتێكدا شەقامە درێژەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بە چالاکییە بازرگانییەکانەوە داگیر کراوە و نرخەکانیان لەنێوان (١٠٠٠-١٥٠٠ دۆلار/م٢)ـە و هەندێک جار تەنانەت زیاتره لە (٢٠٠٠ دۆلار/م٢)ـیـە لە هەندێک ناوچەدا.

بە بەکارهێنانی پرۆگرامی (دێپس-ماپ) و گەڕان و ڕاپرسی له شارەکەدا دەرکەوت زەوییە بازرگانییەکان لەسەر درێژترین هێڵەکانی تۆڕەکانی یەکگرتووی فەزاییی شارەکەدا هەڵکەوتوون کە به بەرزترین نرخ دەخەمڵێنرێن. لەبەرانبەردا زەوییە نیشتەجێبوونەکان دەکەونە سەر شەقامە کەمتر ناوەندییەکانی شارەکە و بەها و نرخى زەوییەکانیان کەمترە. توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی زەوییە ناوچە بازرگانییەکان لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی تۆڕی شارەکان جێگیر کراون، بە پلەی یەکەم کەوتوونەتە سەر ڕێگا سەرەكییەکان و کۆکەرەوەكان. وەكوو لەو شێوەی خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە:

 

 





 

 

دابەشبوونی زەوییە بازرگانییەکان لە سلێمانی

 

پلاندانانی شارەکه لە بەشی ناوەوە و قووڵاییی گەڕەکەکاندا، ناوچەی نیشتەجێبوونی دوور لە ڕێگا سەرەکییەکان داناوە. ئەمەیش  بووەتە هۆی لاوازبوونی پێوەندی لەگەڵ ڕێگا سەرەکییەکانی شارەکەدا. لە ئەنجامدا بەهای زەوی لە ڕێگاکانی ناوچەی ناوەوەی نیشتەجێبووندا وردە وردە کەم دەبێتەوە بەراورد بە بەهای زەویی کەرتە بازرگانییەكان. کەرتی بازرگانی شەقامی سەرەتاییی یەکگرتوو لەناو تۆڕی شارەکاندا داگیر دەکات. بەنرخترین زەوی کە لەسەر شەقامەکە هەڵکەوتووە لە ناوەندی یەکگرتنی زیاتردایە. وەک لە شێوەی خوارەوەدا نيشان دراوە:

 





شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوون لەسەر تۆڕی شەقامی شار

 

لە بەشە جیاوازەکانی ناوەندی لە شاردا، پێکهاتەی شەقامەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بەها و تێچووی زەوی هەبێت. نزیکەی موڵکێک لە ژێرخانی سەرەکیی شارەکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت؛ بەڵام ڕەنگە شێوازی تایبەتی شەقامەکان بەپێی شوێن جیاواز بێت. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە دیزاین و ڕەهەندەکانی شەقامەکان دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر نرخی زەوییەکانی تەنیشت یەکتر هەبێت. بۆ نموونە، سابوونکەران —کە دەکەوێتە نزیک ناوەندی شار— بەهای زەوییەکی مامناوەندی هەیە بەهۆی سنوورداربوونی پێوەندییەکان. جگە لەوەیش، بەهای یەکگرتنی تەنیا مامناوەندە، بەهۆی تۆڕێکی ناڕێکی شەقامەکانەوە کە ڕێگری لە یەکگرتنی بێکێشە دەکات لەگەڵ چوارچێوەی سەرەتاییی شارەکاندا.

 شێوەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونییەک لەم بابەتە:





 

ناڕێکیی شەقامی سابوونکەران و بەکارهێنانی زەوی لە شاری سلێمانی

 

وەکوو ڕوونە ڕادەی یەکگرتنی كۆی شەقامەکان لە نەخشەی شارێکدا دەتوانێت زۆر شت دەربارەی ڕەفتاری دانیشتووانەکەی ئاشکرا بکات. لەبەر ئەوە بۆ ڕاست و دروستیى لێکۆڵینەوەکە نەخشەی شارەکەمان بە بەرنامەی (دێپس-ماپ) شى کردەوە؛ بەپێی بەرەنجامی ئەوە پرۆگرامە، ئەو شارانەی کە تۆڕەکانی شەقامی زۆر یەکگرتوویان هەیە، بە شێوەیەکی گشتی دەستپێڕاگەیشووترین و بەیەکەوەبەستراوترین شەقامەکانیان بە درێژاییی هێڵە سوور و زەردەکان نیشان دەدەن. بەدوای ئەمانەدا هێڵە سەوز و شینەکان دێن کە  دەستپێڕاگەیشتنێکی کەمتر پێشکەش دەکەن. ئەم لێکۆڵینەوەیەى شاری سلێمانى بریتی بوو لە پشکنینی فرێکوێنسیی گۆڕانی ئاراستەیی لەو ڕێگایانەی لەگەڵ شەقامەکانی دیکەدا دەبڕدرێن. بۆمان دەرکەوت کە لە تۆڕى شەقامەکاندا دەستڕاگەیشتووترین و بەیەکەوەبەستراوترین شەقامەکان تەنیا لە هێڵی سوور تێپەڕین جێگیر کراون. هێڵە سوور و زەردەکانی نەخشەکە ئاماژەن بۆ ئەو ڕێگایانەی کە گۆڕانکاریی ئاراستەیان کەمترە، ئەمەش دەبێتە هۆی یەکگرتنی بەرزتر لە ناوچە بازرگانییە سەرەکییەکان. هێڵە سەوز و شینەکانیش ئاماژە بەو ناوچانە دەکەن کە ئەگەری دەستپێگەیشتنیان هەیە، وەک لەم شێوەی خوارەوەدا وێنا کراوە:

 

 

 

 

 


 

 

 




 

تۆڕی یەکگرتنى  شەقامەکانی شاری سلێمانی





بەرەنجامی دۆزینەوەکانی پرۆگرامەکە دەری دەخەن بەنرخترین زەوییەکان بە درێژاییی ڕێگاوبانگەلێکی باش بەیەکەوە گرێ دراون. نەخشەی ئەکسیاڵی شارەکە توانای پلاندانانی خۆی نیشان دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی تۆڕی فەزاییی شارەکان کە بەباشی یەکيان گرتووە. لە بەشە کۆنەکانی شارەکەدا —کە پێکهاتەی شەقامی ناڕێکن— دوو فۆرمی جیاوازی فیزیکیی شار پێک دەهێنێت.

 تۆڕە شێواوەکان و درێژکراوەی هێڵی: تۆڕە شێواوەکان —کە لە ناوەندی شارەوە سەرچاوە دەگرن— پێکهاتەیەکی لاوەکیی بەردەوامیان هەیە؛ ئەو کاتەی ڕێڕەوی لاوەکی لە شەقامە سەرەکییەکان جیا دەبنەوە، یان دەبڕن، یان دەبەسترێنەوە بە گەڕەکەکانی دراوسێ.

 

 هەڵسەنگاندنی لیبێڵی شارەکان بەهایەکی بەرز بۆ زۆربەی شەقامەکانی شارەکه دیاری دەکات کە بەهای لیبێڵی بەرچاو دیاری دەکات؛ بەڵام هەندێک لە ڕێگا لاوەکییەکان بەهای لیبێڵ کەمتر نیشان دەدەن:

 

           





 

بەهای یەکگرتنی گشتیی٦ شارەکە بە بەکارهێنانی (دێپس-ماپ)

بە بەکارهێنانی ”QGIS 3.16“

درێژیی شەقامەکان هۆکارێکی گرنگە بۆ دیاريکردنی بەهای زەوی لە شاردا، بەتایبەتی بۆ بەکارهێنانی بازرگانی. بە هەمان شێوەقووڵیی شەقامی شارێک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەهای زەوی هەیە. توێژینەوەکەمان ئاشکرای دەکات کە شێوە ئۆرگانییەکانی شەقامەکان لە ماستەرپلانەکەدا ڕێگری لە دەستگەیشتن بە ناوچەکانی دەرەوەی شار دەکات. ئەمەیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهاکانی قووڵی و لە ئەنجامدا بەهای زەوی لە دەوروبەری شارەکەدا کەمترە بەراورد بەو زەوییانەی کەوتوونەتە سەر شەقامی سەرەکی و شەقامی هێڵی ستوونی. بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر سەیری وێنەی خوارەوە بکە و ببینە هێڵە شینەکان شەقامی سەرەکی و شەقامی هێڵی ستوونی پێشان دەدەن. هێڵە سەوزەکان کەمتر ستوونین و لەدوای ئەو هێڵی زەرد دێت؛ لە هەموویشیان زیاتر، سوورەکان شەقامی هێڵی شێوە ئۆرگانییەکان پێشان دەدەن:

 


 




 

 

 شێوەقووڵیی٧ شەقامەکانی شارى سلێمانی

لە هەمان كاتدا پانیی شەقام هۆكارێكى ديکەیە بۆ کارکردنە سەر نرخى زەوى، بە شێوەیەکی ئاسایی سێ جۆر شەقام لێرەدا باس دەکەین. شەقامە سەرەکییەکان —کە بە پلەی یەکەم بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار دەهێنرێن— وەک ڕێڕەوی کۆکەرەوەی سەرەکی کار دەکەن. ناوچە نیشتەجێبوونەکان  —کە بە ڕێگا ناوخۆیییەکان جیا کراونەتەوە— ڕێگەی سەرەکییان سنووردارە، وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا وێنا کراوە. بنەماکانی دیزاینی شارەکان پلەبەندیی ڕێگاکان بەکار دەهێنن، کە شەقامە فراوانترەکان و بەها بەرزەکان بەکار دەهێنن بۆ بەکارهێنانی بازرگانی. گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون بە تۆڕێک لە کۆکەرەوەی بچووک و شەقامە ناوخۆیییەکان تایبەتمەندن؛ ئەمەیش ڕێگری لە هاتوچۆ دەکات و پێوەندیی گەڕەکەکان کەم دەکاتەوە. ئەم شێوازە زۆر جار دەبێتە هۆی ڕێڕەوی ناڕاستەوخۆ و ناکارامەی گەشتکردن، زیادکردنی مەودای گەشتکردن و کەمکردنەوەی توانای ڕۆیشتن، کە ڕەنگە بەهای مو‌ڵک و ماڵی زیاتر لەم ناوچانەدا دابەزێنێت.


 

 

ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ناوچە بازرگانییەکان لەسەر درێژترین هێڵی ئەکسیاڵی —کە پێوەندی و یەکخستنی بەرزیان هەیە— بەرزترین بەهای زەوی بۆ خۆیان ڕادەکێشن. بە پێچەوانەوە، ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە ناوچـە شارییە چـڕەکـان —کە تۆڕی شەقامەکانیان کەمتر یەک دەگرن— کەمترین بەهای زەوی لەخۆ دەگرن. توێژینەوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە یەکگرتنی فەزا، پێوەندیکردن و شەقامە فراوانەکان، نرخی زەویی شارەکان بەرز دەکەنەوە. لێرەوە، باشتربوونی ئەدای شارەکان کاریگەریی لەسەر بەها و نرخی زەویی شارەکان هەیە. توێژینەوەکە دەستڕاگەیشتن بە شەقامەکان و پلەبەندی وەک هۆکاری سەرەکی لە بەهای زەوی و خەمڵاندنی نرخەکاندا دەستنیشان دەکات. پێوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان ئاستی مامناوەند و بەرزی یەکگرتن و پێوەندیکردن و زیادبوونی بەهای زەوی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان هەیە. بەگشتی نرخی زەوی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان و کۆکەرەوە گەورەکان زیاترە —کە شەقامەکانیان فراوانترە— هەروەها لەسەر ڕێگاکانی کۆکەرەوەی بچووک و ناوخۆیی —کە شەقامەکانیان تەسکترە— بەرزکردنەوەی یەکخستنی تۆڕی شەقامەکان، پێوەندیکردن و پانایی، دەتوانن بەهاکانی زەوی و چالاکییە بازرگانییەکان بەرز بکەنەوە. بەم شێوەیە، توێژینەوەکە جەخت لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی تۆڕێکی کارای شەقامی شارەکان دەکاتەوە بۆ زۆرترین بەهای زەویی شارەکان.

توێژینەوەکە دەری دەخات کە ئاستی یەکگرتن و پێوەندیکردن، بە هاوبەشی لەگەڵ پاناییی شەقامەکان، کاریگەرییەکی دیاریان لەسەر نرخی زەوی هەیە. کە کاریگەرییەکی بەرچاوی چاوەڕوانییە پراکتیکییەکانی لە پێکهاتەکانی شارەکاندا دووپات کردەوە، وەک لە ڕستەسازیی فەزادا هاتووە. ئەم توێژینەوەیە ئامرازێکی داهێنەرانە (دێپس-ماپ) دەناسێنێت کە تیۆریی ڕستەسازی فەزا لەگەڵ بەهای زەوی و نرخدا تێکەڵ دەکات. 

بۆ یەکەم جاره ئەم  تاقیکردنەوەيە دەکرێت لە سەرانسەری جيهان، بەرەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە ڕێبازێکی پێشەنگانە دەخاتە ڕوو بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی ئاڵۆزی زەویی شارەکان. بەشدارییەکی سەرنجڕاکێش لە پلاندانان و دیزاینی شارەکاندا دەکات. ئەم ئەنـجامانە، جەخت لەسەر پێوەندییەکی بەرچاو لەنێوان نەخشەی فەزایـیـی شارەکان و نرخی زەوی دەکەنەوە —کە تێڕوانینێکی بەنرخ پێشکەش دەکەن بۆ دیزاینی شارەکان و نەخشەکان و باشترکردنی ئابووری لە داهاتوودا— دۆزینەوەکانی توێژینەوەکە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت و پلاندانەرانی شار و توێژەران و بازرگانەکانی خانووبەرە زۆر گرنگن، ئەمەیش جەخت لەسەر گرنگیی چاوەڕوانییە پراکتیکییەکان دەکەنەوە لە گەشەپێدانی فەزای شارەکاندا.

 


Comentarios


bottom of page