top of page

گۆشەیەک لە گەورەترین کۆنفرانسی جیهانەوە …(COP29)

نووسینی: گەشبین ئیدریس



کە دێینە سەر بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا، تەلارسازی لە کوێی بابەتەکەدایە؟

دەمەوێ لەم پارچە نووسینەدا تیشک بخەمە سەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕوونکردنەوەیەکی تەواوی پێ بدەم، چونکە لە سەردەمی ئێستاماندا گرنگترین بابەتە دەبێ هۆشیاریمان دەربارەی هەبێت. وەکوو پێناسەیەکی سادە، گۆڕانی کەشوهەوا بریتییە لە گۆڕانی درێژخایەن لە پلەی گەرمی و شێوازی کەشوهەوای جیهاندا کە تێیدا بەهۆی ئەم گۆڕانانەوە کۆمەڵێک پرسی ژینگەییی ناهەوسەنگ لە وڵاتەکاندا سەر هەڵدەدات؛ وەکوو: تێکچوونی سیستەمی بارانبارین؛ بەبیابانبوونی ناوچەکان؛ کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان؛ زیادبوون و توندبوونی شەپۆڵە گەرمییەکان؛ زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکانی وەکوو لافاو، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی زیاتر هتد. بە پلەی یەکەم بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست بووە وەک: سووتاندنی سووتەمەنیی بەبەردبوو بۆ پڕکردنەوەی خواستی وزە لە جیهاندا؛ لەناوبردنی دارستانەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی؛ دەردانی گازە گەرمخانەیییەکان لە ڕێگەی ئەم هەموو پرۆژە پیشەسازییەی سەرتاپای جیهانی تەنیوە. ئەم چالاکییانە بڕێکی زۆر لە گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و میسان دەردەکەن، گەرمی لە بەرگەهەوادا گل دەدەنەوە و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. بەمەیش بارودۆخێک دروست دەبێت پێی دەگوترێت: "گەرمبوونی جیهانی" .






(Global Warming) لە کاتێکیشدا گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە کەرتەکان هەیە، یەکێک لە گرنگترین بوارەکان کە زۆر جار چاوپۆشیی لێ دەکرێت، تەلارسازییە. شێوازی دیزاینکردن و دروستکردن و بەڕێوەبردنی بیناکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژینگەکەمان هەیە. لە ڕابردوودا دیزاینە تەلارسازییەکان بە پلەی یەکەم لەسەر ئاسوودەیی و کارایی و جوانکاری بوو، کەمێک ڕەچاوی کاریگەرییە ژینگەیییەکانیان دەکرا. بینا کۆنەکان زۆر پشتیان بە کەرەستەی وەک کۆنکرێت و پۆڵا بەستبوو–کە پێویستیان بە بڕێکی زۆر وزە هەیە بۆ بەرهەمهێنان– ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن. سەرەڕای ئەمەیش، زۆرێک لە شێوازەکانی بیناسازی هەن پشت دەبەستن بە بڕینی دارستان و تێکچوونی زەوی، زیاتر بەشدارن لە گۆڕانی کەشوهەوا بە کەمکردنەوەی توانای زەوی بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.


 

لە هەمان کاتدا شێوازی دروستکردن و بەڕێوەبردنی شارەکانمان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەکارهێنانی وزە هەیە. زۆربەی بینایەکان بۆ گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە و ڕووناککردن پشت بە سەرچاوەی وزەی سووتەمەنیی بەبەردبوو دەبەستن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی گازی گەرمخانەیی. ناوچە شارییەکان –کە بە شێوەیەکی خراپ دیزاین کراون– بە تایبەت ئەوانەی کە پێکهاتەی کۆنکرێتیی چڕ و شوێنی سەوزاییی سنوورداریان هەیە، دوورگەی گەرمی شار دروست دەکەن. گەرما لەوێدا گیری خواردووە و پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە، ئەمەیش وای کردووە شارەکان زۆر گەرمتر بن لە ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەر. ئەم گەرمبوونە دەبێتە هۆی زیادبوونی داواکاریی کارەبا بۆ سیستەمی گەرمکردن و ساردکردنەوە، ئەمەیش کاریگەریی خراپی ناوچە شارییەکان زیاتر دەکات. لە هەندێک وڵاتەدا بینا کۆنەکان –کە دابڕی گونجاو یان هەواگۆڕکێی دروستیان نییە– پێویستیان بە بەکارهێنانی وزەی زۆر هەیە بۆ پاراستنی پلەی گەرمیی ئاسوودەییی ناو ماڵ، ئەمەش بە پشتبەستن بە بەکارهێنانی وزە زیانبخەشەکان زیاد دەکات بۆ ساردکردنەوە لە هاویندا و گەرمکردنەوە لە زستاندا. ئەم خولەی بەکارهێنانی وزە نەک تەنها دەردانی گازی ژەهراوی بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو شارەکان زیاتر ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەکاتەوە؛ چونکە گەرمای زۆر، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، زیادبوونی بارانبارین؛ فشارێکی زیاتر دەخەنە سەر بینا و ژێرخانی خراپ.

 






بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستاکە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا هێندە پەیوەندیدارە بە بواری تەلارسازی، بە هیچ شێوەیەک نابێت پشتگوێ بخرێت. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زریانی بەردەوام، لافاو و وشکەساڵی، ئاڵنگاریی مانەوە و بەردەوامیی بیناکانی ئێستامان دەکەن. زۆرێک لە شێوازە تەلارسازییە کۆنەکان بە شێوەیەک دیزاین نەکراون بەرگەی ئەم بارودۆخە سەختانە بگرن، ئەمەیش وای کردووە ماڵەکان و ژێرخانی ئابووری ڕووبەڕووی زیان ببنەوە تا بۆ چاککردنەوەی تێچووی زۆری بوێت. بۆ نموونە، ئەو شارانەی بەبێ سیستەمی ئاوەڕۆی دروست دروست کراون، لافاویان بەرز دەبێتەوە؛ لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی بینا کۆنەکانیان هەیە، کێشەیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گەرما بەهۆی نەبوونی دابڕ و هەواگۆڕکێی گونجاو. بیناکانی نزیک کەناراوەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و زریانەکان مەترسیی زیاتریان لەسەرە، ئەمەش پێویستی بە ڕێوشوێنی بەپەلەی گونجاندنی تەلارسازی هەیە. لە هەندێک ناوچەی جیهان، تەواوی کۆمەڵگاکان ناچار دەکرێن کۆچ بکەن، چونکە ماڵەکانیان سەلامەت نەماوە بەهۆی کارەساتەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا.

 

هەر بۆیە گفتوگۆی جیهانی لەسەر ''تەلارسازیی خۆڕاگری" (Resilient Architecture) لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجێکی بەرچاوی بەدەست هێناوە و لە گەورەترین کۆنفرانسی جیهانی زۆر بەڕوونی هەستم پێ کرد کە چۆن تەلارسازی و دیزاینی بەردەوامێتی١ لە تەوەری سەرەکیی بابەتەکاندا بوو. بینا سەوزەکان، پلاندانانی بەردەوامیی شارەکان، کەرەستەی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوا؛ وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا تیشکیان خرایە سەر. ئێستا زۆرێک لە وڵاتان لە گەشەپێدانی بەردەوامیی شارەکان لە پێشینەدان بە وەبەرهێنان لەو بینایانەی کە وزە بەکارامەیی تێیاندا بەکار دێت؛ هەروەها لە دیزاینی شارە زیرەکەکان و چارەسەرییەکانی بنەمای سروشتی وەک: بنمیچی سەوز و دارستانە چڕەکان بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی شارەکان. لە هەندێک ناوچەدا لە تەکنیکە داهێنەرەکانی بیناسازی دەکۆڵرێتەوە، وەک بەکارهێنانی کەرەستەی ڕیسایکلکراو، دیزاینی ساردکردنەوەی پاسیڤ کە پێویستی بە گەرمکردنەوە و ساردکردنەوەی دەستکرد کەم دەکاتەوە.

 










لە کۆنفرانسی (COP29) حوکوومەتەکان، تەلارسازەکان، ئەندازیاران؛ هاوڕان لەسەر ئەوەی کە تەلارسازی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هەر دوو بابەتی کەمکردنەوە (کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی) و خۆگونجاندن (دروستکردنی خۆڕاگری لەبەرانبەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا). دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا لەگەڵ ئەندازیاران و پلاندانەرانی شار و مامۆستایانی زانکۆ لە وڵاتانی جیاوازەوە چەندین گفتوگۆ بکەم، هەموویان جەختیان لەوە کردەوە کە گۆڕینی تەلارسازی یەکێکە لە هەنگاوە کاریگەر و پێویستەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. زۆرێک لە پسپۆڕان ئاماژەیان بەوە کرد کە بیناکانی ئەمڕۆ دەبێت لەو جۆرە تێچووە زۆرەی وزە تێ پەڕن و بچنە ناو قۆناغێکی نوێوە. پێویستە چالاکانە بەشداری بکەن لە پرۆسەی بەردەوامێتیی ناوچەکاندا، بۆ نموونە لە ڕێگەی زیادکردنی وزەی نوێبووەوە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، تێکەڵکردنی دیزاینی بنەما سروشتییەکان کە هەمەجۆریی زیندەیی بەرز دەکەنەوە. هەروەها داکۆکییەکی بەهێز بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن لەسەر کەرەستەکانی بیناسازی هەبوو، چونکە تەنها بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی تەقلیدی نزیکەی ٠٨٪ـی دەردانی کاربۆنی جیهانی پێک دەهێنێت. ئێستا هەندێک وڵات تاقیکردنەوە لەسەر کۆنکرێتی کەم‌کاربۆن و بیناسازیی دار و کەرەستەی بایۆلۆژیی وەک خشتی گەنم دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەیییەکانی بینا نوێیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو.

 

یەکێک لە شتە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە ئەوە بوو کە شارەکان دەبێت بە زووترین کات بەرەو تەلارسازیی بەردەوام و وەڵامدەرەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بگۆڕدرێن کە تیشک خرایە سەر چەندین توێژینەوەی سەرکەوتووی ئەو وڵاتانەی لە ئێستاوە لەم بوارەدا پێشکەوتن بەدەست دەهێنن. بۆ نموونە، هەندێک لە شارە ئەورووپایییەکان داوا لە هەموو بینا نوێیەکان دەکەن کە ستانداردە نوێیەکانی کاراییی وزە جێبەجێ بکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر بنەماکانی ئابووریی بازنەیی لە بواری بیناسازیدا بەرەوپێش دەبەن. واتە کەرەستەکان لە بری بەفیڕۆدان، ڕیسایکڵ دەکرێنەوە و دووبارە بەکار دەهێنرێنەوە. لە هەندێک لە وڵاتانی ئاسیادا، بینا بەرزەکان کە –پانێڵی خۆری دروستکراو، ڕووبەری سەوز، سیستەمی کۆکردنەوەی ئاوی بارانیان تێدایە– وەک مۆدێلێک بۆ ناوچە شارییە بەردەوامەکانی داهاتوو پەرەیان پێ دەدرێت. ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە تەلارسازیی سەوز تەنها بیرۆکەیەک نییە. ئەوە ڕاستییەکە کە لە ئێستاوە لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ دەکرێت.

 







سەرەڕای گەشەسەندنی بیرۆکەی جیهانی بۆ تەلارسازیی وەڵامدەرەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، وڵاتی ئێمە زۆر لە دواوە دەمێنێتەوە لە وەرگرتنی پراکتیکەکانی بیناسازیی بەردەوام. بۆ نموونە لە شاری هەولێر، هیچ ڕەچاوکردنێک نییە کە گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاریگەریی لەسەر تەلارسازی دەبێت. بیناکان بەبێ ڕەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاراییی وزە، یان خۆڕاگری لەبەرانبەر بارودۆخی کەشوهەوای تونددا دروست دەکرێن. لە ئاستی جیهانیدا ئەندازیاران و تەلارسازەکان کەرەستەی بەردەوام و دیزاینی کارامەی وزە و ژێرخانی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوادا لە پێشینە دادەنێن، بەڵام لای ئێمە هۆشیاری سەبارەت بەم پراکتیزانە لە ئاستێکی کەمدایە. هیچ ستاندارد و ڕێسایەکی نیشتمانی نییە تەلارساز و کۆمپانیاکانی بیناسازی بەرەو چارەسەری دۆستی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا ڕێنمایی بکات. زۆر جار ئەو کەرەستانەی لە بیناسازیدا بەکار دەهێنرێن لەسەر بنەمای نرخ و بەردەستبوونیان هەڵدەبژێردرێن، بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە هەڵبسەنگێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی گازی ژەهراوی و گەشەسەندنی ناژینگەیی لە شارەکاندا. پشتبەستن بە شێوازی بیناسازیی کۆن لەسەر بنەمای کۆنکرێت، کێشەکە زیاتر خراپتر دەکات؛ چونکە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن. نەبوونی سیستەمی کارامەییی وزە لە بیناکاندا، وابەستەییی وڵاتەکەمان بە سووتەمەنیی بەبەردبوو زیاد دەکات و ئاستەنگەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا خراپتر دەکات. ئەم نەبوونی پلاندانانی شارستانیی بەردەوام و تەلارسازیی هۆشیارییە، شارەکانمان زۆر ڕووبەڕووی بارودۆخی کەشوهەوای توند دەکاتەوە.

 

 

ئێمە لە ڕێکخراوی هەسار –کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە– زیاتر لە شەش ساڵ ئەزموونمان لە بواری گۆڕانی کەشوهەوادا هەیە. چەندین پرۆژەمان جێبەجێ کردووە، لەوانە: چاندنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دار؛ بەڕێوەبردنی ئاو و دانانی یەکەمین یەکەی پاڵاوتنی ئاوی خۆماڵی؛ برەودان بە وزەی نوێبووەوە؛ بەهێزکردنی گەنجان؛ پەروەردەی هۆشیاریی گۆڕانی کەشوهەوا؛ دروستکردنی گوندی خۆڕاگر لە ڕێگەی گلدانەوەی ئاوی باران؛ کۆمەڵێک پرۆژەی کرداریی تر... یەکێک لە بوارە سەرەکییەکانی گرنگیدانمان دڵنیابوون بووە لەوەی تەلارسازی و پراکتیکەکانی ئەندازیاری بەرەو سیستەمی زیرەک و بەردەوامێتی دەچن. وەکوو ڕێکخراوی هەسار بە گرنگمان زانی کار بکەین لەسەر پڕکردنەوەی بۆشاییی نێوان تەلارسازی و خۆڕاگری بەرانبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا و کۆمەڵێک هەنگاومان ناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییە. بۆ نموونە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف، پشتگیریمان لە کۆمەڵێک ئەندازیاری گەنج کرد کە بیرۆکەی دامەزراندنی یەکەمین سەنتەری “Green Building”ـیان هەبوو لە کوردستاندا. ئەم ئەندازیارانە بەشدارییان لە پێشبڕکێ و ڕاهێنانی ڕێکخراوەکەمان کرد، بوونە براوەی پێشبڕکێیەکە و پارەیان بۆ دابین کرا بۆ پەرەپێدانی زیاتری بیرۆکەکانیان. لە ئەنجامی ئەم دەستپێشخەرییە، یەکەم سەنتەری بیناسازیی سەوزیان لە کوردستان دامەزراند کە شوێنێکی تایبەتە بە بەرەوپێشبردنی تەلارسازیی بەردەوام؛ هۆشیارکردنەوەی خەڵک؛ پاڵپشتیکردنی داهێنان لە پراکتیکەکانی بیناسازیی دۆستی ژینگە. ئەم سەنتەرە بۆ ئەوە دانراوە وەک ناوەندێک وا بێت بۆ هاوبەشکردنی زانیاری، لێکۆڵینەوە و ڕاهێنانی ئەندازیاران، تەلارسازەکان و خوێندکارانی ئارەزووی تەکنیکەکانی بیناسازیی بەردەوام.

ئێستا، ڕێکخراوی هەسار بەردەوامە لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەم ئەندازیارە گەنجانە. بە پشتگیریکردنیان ئامانجمان ئەوەیە یارمەتییان بدەین لەوەی بیرۆکەکەیان فراوانتر بکەن بە بەشداریکردنی شارەزایان و تەلارسازان و داڕێژەرانی پرۆژە یاساکان لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە پلاندانانی شارستانیی بەردەوام. جگە لەمانەیش، پلانمان هەیە وۆرک-شۆپ و کۆنفرانس ڕێک بخەین تا گرنگیی پەیوەندیی نێوان تەلارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا ڕوون بکەینەوە. ئەم چالاکییانە بۆ ئەندازیاران و کۆمپانیاکانی بیناسازی و پلاندانەرانی شارەکان تەرخان دەکەین، گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەوەی چۆن دیزاینکردنی بیناکانی وەڵامدەرەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکاتەوە و بەکارهێنانی وزە کەم بکاتەوە و ژینگەی شارستانیی تەندروستتر دروست بکات.

سەرەڕای ئەمەیش، ڕاهێنان و بنیاتنانی توانا لە هێنانەدیی ئەم ئامانجانە بە گرنگ دەزانین. هەر بۆیە ڕێکخراوەکەمان بەنیازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوە تەکنیکییەکان فراوانتر بکات بۆ تێکەڵکردنی بنەماکانی تەلارسازیی بەردەوام لە مەنهەجی ئەندازیاری و تەلارسازیدا. بە پەروەردەکردنی نەوەی داهاتووی تەلارساز و ئەندازیاران، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی پراکتیکەکانی بیناسازیی بەردەوام دەبنە لێهاتوویەکی گشتی. هەروەها ئامانجمان هاوکارییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیناسازی و بەڕێوەبەرانی پیشەسازی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی تاقیکاری کە سوودەکانی دیزاینی بیناسازیی سەوز پێشان بدات. ئەم پرۆژانە وەک نموونەی جیهانی ڕاستەقینە دەبن، ئەوە نیشان دەدەن چۆن تەلارسازیی سەوز دەتوانێت تێچوونەکان و بەکارهێنانی وزە کەم بکاتەوە، خۆڕاگریی بیناسازیی گشتی باشتر بکات.

١- (Sustainable)

Opmerkingen


bottom of page